باڵوێزی ئیسرائیل لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، شەوی چوارشەممە ١١ی ڕەزبەر ڕایگەیاند: کابینەی شەڕی ئیسرائیل، خەریکی هەڵسەنگاندنی بژاردەکانی خۆی بۆ وڵامدانەوەی هێرشە مووشەکییەکەی ڕێژیمی ئێرانە و کاردانەوەی ئیسرائیل بۆ تۆڵەکردنەوە بەم زووانە دەبینرێت.
ناوبراو لەم دانیشتنەدا سەبارەت بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست قسەی کرد و وتی: کۆماری ئیسلامی نوێنگەی ڕاستەقینەی ترس، تۆقاندن، مەرگ و ئاڵۆزییە و کاتی بەیاننامە بێناوەڕۆکەکان بۆ سڕینەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچە کۆتایی پێ هاتووە.
دێنی دوون، بە ئاماژە بە هێرشە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل ڕایگەیاند: ڕێژیمی ئێران ئێستا مەترسییەکی جیددی و ڕاستەقینە بۆ سەر جیهانە و ئەگەر پێش بەم ڕێژیمە نەگیردرێ، شەپۆلی مووشەکەکانی دیکە تەنیا ئیسرائیل ناگرێتەوە.
ناوبراو ئەم هێرشە مووشەکییەی هێرشکردنە سەر ١٠ میلیۆن کەسی سێڤیل و کردەوەیەکی دەستدرێژیکەرانەی بێوێنە ناو برد و وتی: جیهان دەبێ بزانێ کە ئیسرائیل بەرگری لە خۆی دەکات و ئەمە بە ڕەچاوکردنی دادپەروەری و هاوکات بە هێزی خۆی دەکات و هەتا کاتێک کە هەموو بارمتەکانی دەستی حەماس و باقی تێرۆریستەکان نەگەڕێنەوە بۆ ئیسرائیل، ناوەستێ.
لە بەرانبەردا، نوێنەری ڕێژیم لەم دانیشتنەدا، هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیلی، بە وڵامی پێویست و بەجێ بۆ کردەوەکانی ئیسرائیل ناو برد و ئیدعای ئەوەی کە ڕێژیم بەردەوام بەدوای ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکەوە بووە .
لە هێرشی مووشەکیی ڕۆژی سێشەممەدا کە دووەمین و گەورەترین هێرشی راستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بوو، نزیکەی ٢٥٠ مووشەکی بالستیک بەرەو ئیسرائیل هەڵدران. لە هێرشی یەکەمدا کە لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا ڕووی دا، زیاتر لە ٣٠٠ پەهپاد و مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل کران.