زیاتر لە دوو حەفتەیە کە وریشە موادی، بەندکراوی سیاسیی کورد مانی لە خواردن گرتووە و ئەمەش دۆخی توندروستیی ناوبراوی تووشی کێشە کردووە.
وریشە مورادی هۆکاری ئەم مانگرتنەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە سزای قورس و لەسێدارەدان لەلایەن ڕێژیمەوە ناو بردووە و لەم ڕێگایەوە، هاودەنگیی خۆی لەگەڵ هەموو گرووپ و ناوەندە نێونەتەوەییەکان دژی لەسێدارەدان ڕاگەیاندووە.
وریشە مواردی لە ڕۆژی ١٩ی ڕەزبەرەوە مانی لە خواردن گرتووە و بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە بەندیخانەوە بڵاو کراونەتەوە، زەختی خوێنی دابەزیوە و ئەمەش لاوازبوونی ناوبراوی بەدواوە بووە.
وریشە مورادی لە ڕێبەندانی ١٤٠٢دا، لە دادگای ئینقلابی ڕێژیم بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبولقاسم سەڵواتی بە بەغی تۆمەتبار کرا و ئەمەش مەترسیی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان دژی ناوبراوی زۆرتر کردووەتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، زیاتر لە ١٢٠ چالاکی مەدەنیی نێوخۆی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایانگەیاندوە کە بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتن لە خواردنی مانادار و ناڕەزایەتیی وریشە مورادی و مانگرتن لە خواردنی ناوبراو لە ٥ی خەزەڵوەردا مان لە خواردن دەگرن.
لە بەشێک لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: لەم ساتە هەستیار و گرینگانەدا ئێمە وەک بەشێک لە کۆمەڵگایەک کە باوەڕمان بە دادپەروەری و ئازادی و مافی مرۆڤ هەیە، لەگەڵ وریشە مورادی وەستاوین. وریشە هێمای بەرخۆدانی مەدەنییە، کە لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر بە ستەم و نایەکسانی و سزای نادادپەروەرانە و بەردەوام ڕوو لە زیادبوونی لەسێدارەدان نیشان داوە.
مانگرتی ناوبراو تەنیا هێمای ئیرادەیەکی پۆڵایین دژی ستەم نییە، بەڵکوو دەنگێکە کە هاواری حەقیقەت و بەرخۆدان دەگەیەنێتە گوێی جیهان. ئێمە بە قووڵی تێدەگەین کە بە چ بارودۆخێکی سەخت و دژواردا تێپەڕیوە و چ بڕیارێکی مەترسیدار و پڕتێچووی بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەم نادادپەروەرییە هەڵبژاردووە.
لەو بەیاننامەیدا هاتووە، داوا لە ناوبراو دەکەین بە کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکەی دەرفەت بە ئێمە و ئەوانی دیکە بدات کە لەگەڵیدا بۆ کەڵکوەرگرتن کە توانا و هێزی خۆمان، درێژە بە خەبات بۆ ئازادی و دادپەروەری بدەین.
نابێت هیچ شتێک لە ژیانی مرۆڤ بەنرختر بێت و پێویستمان بەوەیە کە نەک تەنیا لەم ساتەدا، بەڵکوو بە درێژایی ڕەوتی بەرخۆدانەکە بوونی هەبێت.