سەرەڕای ڕەتکردنەوەی بابەتی دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئەمریکا لەلایەن ڕۆژنامەکانی ڕێژیمەوە، بەرپرسانی ئەمریکا لە ڕۆژانی ڕابردوودا بۆ جارێکی دیکە باسیان لە هەوڵە چڕەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ کاریگەریدانان لە سەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئەم وڵاتە کردووە.
هەر لەم پێوەندییەدا ئەیووب شەهابی ڕاد، کادری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شەممە ٥ی خەزەڵوەر لە وتووێژێک لەگەڵ ناوەندی هەواڵی کورد کاناڵ باسی لە کەڵکوەرگرتنی کۆماری ئیسلامی لە ئەندازیاریی کۆمەڵایەتی بۆ دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کردووە.
شەهابی ڕاد ڕوونی دەکاتەوە کە لایەنە سایبێرییەکانی کۆماری ئیسلامی لە پڕۆسەی ئەندازیاریی کۆمەڵایەتی، بە ناسین و دیاریکردنی وردی تاک و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای ئەمریکا و دواتر هەڵسەنگاندنی دۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتیی تاکەکان و هەروەها کێشە و خواستەکانیان لەبەرامبەر دەسەڵاتدا، بۆ ئەم مەبەسەتە کەڵک وەردەگرن.
ناوبراو زیادی کردووە ئەم لایەنانە پاش ناسین و دیاریکردنی تاکەکانی کۆمەڵگا و ئەو پلاتفۆڕمانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەکاری دێنن، لە ڕێگەکانی وەک ژیری دەستکرد، فیشینگ و دروستکردنی هەژماری ساختەیی بەتایبەتی هەژماری کەسایەتی و گرووپە ناسراوەکان، کار لە سەر پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە سەر بیروڕای گشتیی کۆمەڵگا دەکات.
شەهابی ڕاد بە ئاماژەدان بەوەی کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی دەیان هەزار بەسیجی و ئەو کەسانەی کە بە هەژماری ساختەییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نێوەڕۆک و بابەتی ساختە و دوور لە ڕاستی بڵاو دەکەنەوە جەختی لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەم هەوڵە بەئامانجگرتنی مرۆڤەکانی کۆمەڵگایە نەک بەئامانجگرتنی سیستمەکان.
ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا پشتڕاستی کردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم ئەندازیارییە کۆمەڵایەتییە لە ئەزموونەکانی دوو وڵاتی چین و ڕووسیە کەڵک وەردەگرێت کە پێشەنگی ئەم پڕۆسەیەن و زیادیشی کردووە کە کۆماریخوزاەکان و دێموکراتەکان لەم پڕۆسەیەدا جیاوازییەکی ئەوتۆیان بۆ تاران نییە و ئامانجی کۆماری ئیسلامی لەم پێوەندییەدا بە وتەی ناوبراو "پڕۆسەی شەیتان سازی لە حیزبەکانە و بە ئامانجی نەهێشتنی متمانە و بڕوا لەنێوان دەسەڵات و کۆمەڵگادا ئەنجام ئەدرێت".