کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیم بۆ سەر بنەماڵەی ئارمیتا گەراوەند

10:00 - 6 خەزەڵوەر 2724

ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکات لەگەڵ یەکەمین ساڵیادی کوژرانی ئارمیتا گەراوەند، گوشارەکانیان بۆ سەر بنەماڵەی ئەو مێرمنداڵە زیاتر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ''هەنگاو''، ناوەندە ئەمنییەکان لە ڕۆژانی ڕابردوودا بنەماڵەی ئارمیتایان خستووەتە لەژێر گوشارەوە و بڵاوکردنەوەی هەرچەشنە نووسراوەیەکی پەیوەندیدار بە ئارمیتایان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێ قەدەغە کردوون. تەنانەت ئیزنی بڵاوکردنەوەی ستۆری لە گوڵێک کە بۆ سەر گڵکۆی ناوبراو ئامادە کرابوو بە بنەماڵەکەی نەدراوە و ناوەندە ئەمنییەکان ڕێگرییان لەوەش کردووە.

یەکێک لە کەسانی نزیک لەو بنەماڵەیە لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەنگاو وتوویەتی: "لە چەند ڕۆژ پێشترەوە ماڵی بنەماڵەی ئارمیتا لە تاران لەژێر چاودێریی چڕی هێزە ئەمنییەکاندا بووە و هەر چەشنە هاتوچۆیەک بۆ ماڵیان کونتڕۆڵ کراوە. ئەو ناوەندانە بە بنەماڵەی ئارمیتایان ڕاگەیاندووە کە ڕێوڕەسمی ساڵیادی ئارمیتا نابێت لە ماڵ یان لەسەر گڵکۆکەی بەڕێوە بچێت."

ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاندووە کە: "لە بەیانیی ڕۆژی شەممە ٥ی خەزەڵوەرەوە هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری گڵکۆی ئارمیتا جێگیر بوون تا ڕێگری لە هەر کۆبوونەوەیەک لە ساڵیادی کوژرانی ناوبراودا بکەن."

ئارمیتا گەراوەند، قوتابیی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، لە ڕێگەی چوون بۆ قوتابخانە لە مێترۆی تاران، بەهۆی لێدانی مەئمورانی حیجاب‌بان لەهۆش چوو و پاش ٢٨ ڕۆژ لە بەشی "ئای سی یوو"ی نەخۆشخانەی "فەجر" لە تاران گیانی لەدەست دا.