ڕۆژنامەی بەیانیانی پاریس "فیگارۆ"، هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی بە خاڵی وەرچەرخانێکی گەورە لە ململانێی نێوان دوو وڵات ناو برد و ڕایگەیاند، لەگەڵ هێرشی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران لە ٥ی خەزەڵوەردا شەڕی نێوان هەردوو وڵات لە سێبەرەوە هاتووەتە دەرەوە و بووەتە شەڕێکی ئاشکرا.
بە وتەی فیگارۆ، ئیسرائیل بە هێرشە سنووردارەکەی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و بە لەنێوبردنی بەرگریی دژە ئاسمانیی ئەو ڕێژیمە، پەیامێکی هۆشداریی بە کۆماری ئیسلامی داوە کە هێرشی داهاتوو وێرانکەرتر دەبێت ئەگەر تاران تووشی هەڵە بێت و جارێکی تر هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.
دانیێل هاگاری وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل دوای بۆردومانکردنی دامەزراوە نیزامییەکانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕایگەیاند، ئێستا ئەو وڵاتە ئازادیی عەمەلیاتی ئاسمانیی زیاتری لەدژی کۆماری ئیسلامی هەیە.
هەروەها ڕۆژنامەی لۆمۆندی پاریس لە وتارێکدا، لە زاری سەرچاوەیەکی ئەرتەشی ئیسرائیلەوە نووسیویەتی: ''هێرشکردنە سەر پەدافەندی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوەندی ستراتێژیی ئیسرائیلدایە و ئیسرائیل ساڵانێکە سەرنجی لەسەر ئەو ئامانجانە بووە.''
هەمان سەرچاوە جەختی کردەوە کە ئیسرائیل لە توانایدایە لە ماوەی دوو کاتژمێردا تەواوی سیستمی دژە ئاسمانیی ئێران لەنێو ببات و ئەو وڵاتە بێ بەرگری بکات.
ئەو سەرچاوەیە بە ڕۆژنامەی لۆمۆندی ڕاگەیاندووە کە بەم شێوەیە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەتوانێ دروشمە توند و بێ بایەخەکانی خۆی دووبارە بکاتەوە، هەرچەندە لە واقیعدا ئەم پەیامە ڕوونەی لە ئیسرائیلەوە پێگەیشتووە: "بە قازانجی ئێوەیە کە کارتان بە ئێمە نەبێت.''