وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیم وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هێرشی جەیشولعەدل بۆ سەر یەکەکانی هێزی ئینتزامیی ڕێژیم لە گەوهەرکووهی سەر بە شارستانی تەفتان لە سیستان و بەلووچستان، ڕایگەیاندووە: ''١٠ کەس لە یەکەی ئەو هێزەکانە لەو هێرشەدا کوژراون''.
ڕۆژی شەممە ٥ی خەزەڵوەر ١٤٠٣ی هەتاوی، ڕێکخراوی جەیشولعەدلی بەلووچستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو هێرشەی گرتووەتە ئەستۆ و ڕاشیگەیاندووە: "١٠ کەس لە هێزەکانی ڕێژیم لەوانەش بەرپرسی پاسگای گەوهەرکووه و جێنشینەکەی و ٨ کەسی تر کوژراون".
جەیشولعەدل لەو هێرشەدا دوو ماشین لە یەکەکانی هێزی ئینتزامیی ڕێژیمی لە ڕێگای گەڕانەوەی ئەو هێزانە بۆ نێو مۆڵگەکەیان لە گەوهەرکووهی تەفتان داوەتە بەر دەستڕێژ و لانیکەم ١٠ کەس لەو هێزانەی ڕێژیمی کوشتووە.
ڕێکخراوی جەیشولعەدل لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، دەیان هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ڕێژیم لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان و لەو هێرشانەدا زیانی گیانی و ماڵیی زۆری بە هێزەکانی ڕێژیم گەیاندووە.
ڕێکخراوی جەیشولعەدل ڕێکخراوێکی مەزهەبی ـ نەتەوەییە و بۆ بەرگری لە مافەکانی نەتەوەی بەلووچ دژی ڕێژیمی ئێران خەباتی چەکداری دەکات.