سەرجەم کاربەدەستەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئاگادار کراونەتەوە کە بۆ چوونەدەرەوە لە ئێران دەبێت پاسپۆرتی دێپلۆماتیکیان هەبێت و چوونەدەرەوەیان ڕەزامەندیی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی لەسەر بێت.
جێگای باسە ئەو ئاگادارییە هەموو بەرپرسە ئیداری، سیاسی، نیزامی و حکوومەتییەکانی گرتووەتەوە و هەموو ئەو بەرپرسانە دەبێت بۆ هەر چوونەدەرەوەیەک لە وڵات ئاگاداریی پێشوەختە بە ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بدەن و لەلایەن ئەو ئیدارەوە پەسەند بکرێت و پاسپۆرتی دیپلۆماتیکیان بۆ ئامادە بکرێت.
هەروەها جێگای باسە تەواوی دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە و تێرمیناڵە بەندەرییەکان لەو بڕیارە ئاگادار کراونەتەوە کە دەبێت چاوەدێریی چڕیان بەسەر چوونەدەرەوەی بەرپرسان بە پاسپۆرتی دیپلۆماتیکەوە هەبێت.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و بەتایبەت لە ساڵی ڕابردووەوە ململانێی نێوان ئیسرائیل و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی و لە دوای دووجار هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل لەلایەن سپای پاسدارانەوە، ئەرتەشی ئیسرائیل هەڕەشەی هێرشی بەربڵاوی کردووە بۆ سەر ناوەندە نیزامی و ناوەکییەکانی ڕێژیم، بۆیە بەرپرسانی ڕێژیم ترسیان لێ نیشتووە و ڕێوشوێنی تایبەت و سنوورداریان بۆ پاراستنی گیانی بەرپرسانیان گرتووەتە بەر.