کەمتەرخەمیی بەرپرسانی وەرزشی پارێزگای کرماشان و نەبوونی شوێنی تایبەت بۆ بەردەوامبوونی یاریزانەکان لە ڕاهێنان، وەرزشی ژنانی ئەم پارێزگایەی تووشی کێشەی جیددی کردووە.
بە وتەی ڕاهێنەری تیمی فووتباڵی ژنانی "کوهستان تکنیکی کرماشان" نەبوونی شوێنی تایبەت بۆ ڕاهێنان، یاریزانانی ئەم تیمەی تووشی سەرلێشیوان کردووە کە ئەمە ئەتوانێ کاریگەریی نەرێنیی لەسەر یارییەکان هەبێ.
فاتمە مورادی بە هەواڵدەریی ئیسنای ڕێژیمی ڕاگەیاندووە کە تیمەکەی کرماشان لە گرووپی دووهەمی خولی دەستە یەکی فووتباڵی ژناندا بڕیارە یاری بکات کە بە گشتی خولەکە بە بەشداریی ١٢ تیم بەڕێوە دەچێت.
بە وتەی ناوبراو، ئەم تیمە هیچ سپۆنسەرێکی نییە و تاکوو ئێستا بەڵێنەکانی بەرپرسان لەمبارەوە بە جێگایەک نەگەیشتووە.
یاریزانەکانی ئەم تیمە بۆ بەردەوامبوون لە ڕاهێنان هەرجارەو دەبێ لە شوێنێک بن و ئەمەش کاریگەریی لەسەر ڕاهێنان و ئاکامی یارییەکانیشیان دەبێت.
مورادی ڕایگەیاندووە کە یەکێک لە کێشە جیدییەکانی ئەم تیمە نەبوونی شوێنی تایبەت واتە زەوینی داپۆشراو بە چیمەنە و ئەم تیمە بە مەبەستی کەڵکوەرگرتن لە کۆمەڵەی وەرزشیی کەوسەریش کە تایبەت بە ژنانە، بۆ هەر جار دەبێ ٤٠٠ هەزار تمەن پارە بدات.
کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم سەبارەت بە داواکاریی وەرزشوانان وای کردووە کە زۆربەی وەرزشوانان بە مەبەستی گەشە لە بوارەکە خۆیاندا وڵات بەجێ بهێڵن و لە زۆر حاڵەتیشدا، ژمارەیەکیان ناچار دەبن حەز و خولیاکانی خۆیان بە هۆی کێشەی ماددی و دابیننەکردنی پێداویستییەکانیان لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانەوە وەلا بنێن.