بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ''واڵ ستریت ژورناڵ'' کە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوی کردووەتەوە، ڕووسیە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە ڕۆژاواییەکان لە دەریای سووردا لە ڕێگەی سپای پاسدارانەوە زانیاریی بە میلیشیاکانی حوسی داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامە ئەمریکاییە، حوسییەکان بە بەکارهێنانی داتای ماهوارەیی ڕووسیە کە لەلایەن سپای پاسدارانەوە خراوەتە بەر دەستیان، کەشتییە بازرگانییەکانیان بە مووشەکی بالیستیک و دڕۆن کردووەتە ئامانج.
واڵ ستریت ژورناڵ نووسیویەتی کە زانیارییەکانی سەبارەت بە یارمەتییەکانی ڕووسیە لە کەسێکی ئاگادار لەو بابەتە و دوو بەرپرسی بەرگریی ئوروپایی وەرگرتووە.
حوسییەکان کە بەشێکی زۆری یەمەنیان لە ژێر کۆنترۆڵدایە، ماوەی چەند مانگێکە هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل و ئەو کەشتییانەی کە گومانی پێوەندییان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە.
میلیشیاکانی حوسی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن دەڵێن، بۆ پاڵپشتی لە حەماس کە زیاتر لە ساڵێکە لەگەڵ ئیسرائیل لە کەرتی غەززە لە شەڕدایە، ئەم هێرشانە ئەنجام دەدەن.
ئەم هێرشانە کەشتیوانیی دەریاییان لەم ناوچە گرینگە بۆ بازرگانیی جیهانی، پەک خست. ئەمریکا بە هاوکاریی بریتانیا بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانە، هاوپەیمانیی دەریایی پێک هێنا و چەندین جار بە هێرشی ئاسمانی ئامانجە پەیوەندیدارەکانی حوسییەکانی لە یەمەن پێکا. لەو کاتەوە حوسییەکان کەشتییەکانی ئەمریکا و بریتانیش دەکەنە ئامانجی هێرشەکانی خۆیان.
ئەو ڕۆژنامەیە لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی: "ئەم یارمەتییە نهێنییانە نیشانی دەدەن کە ڤێلادیمێر پووتین سەرۆککۆماری ڕووسیە بۆ تێکدانی نەزمی ئابووری و سیاسیی ڕۆژاوا بە سەرۆکایەتی ئەمریکا چەندە حەزی لێیە ئەو کارە بباتە پێش.
ناوبراو ماوەی چەند مانگێکە لە هەوڵدایە شکستی سیاسەتی دابڕانی دیپلۆماسی و سزا ئابوورییەکانی دژی وڵاتەکەی نیشان بدات، کە لە دوای هێرشی نیزامیی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆکراین لە لە سەرەتای ٢٠٢٢ دەستی پێ کردووە.