کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران هەروا لە لیستی ڕەشی ''ئێف ئەی تی ئێف'' دەەمێنێتەوە

19:32 - 6 خەزەڵوەر 2724

بەپێی ڕاگەیەندراوی نوێی ''ئێف ئەی تی ئێف'' ناوی ئێران لە لیستی ڕەشی گرووپی تایبەتی ماڵی دەمێنێتەوە.

گرووپی تایبەتی ماڵی (FATF) ناوی کۆماری ئیسلامیی لە لیستی ڕەشی خۆیدا هێشتەوە. ئەم ناوەندە نێودەوڵەتییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی پارەی تێرۆریزم بەردەوام دوو لیستی ڕەش و خۆڵەمێشی بڵاو دەکاتەوە.

لە ئێستادا جگە لە کۆماری ئیسلامی تەنیا کۆرەی باکوور و میانمار لە لیستی ڕەشی ڕێکخراوی ئێف ئەی تی ئێف ماونەتەوە.

بوونی وڵاتان لە لیستی ڕەشی ''ئێف ئەی تی ئێف'' بە واتای سنووردارکردنی توند بۆ مامەڵە داراییە دەرەکییەکانە. بە هۆی نەبوونی هاوکاریی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەم ڕێکخراوە و هەروەها دابینکردنی پارەی گرووپە تێرۆریستییەکان، ناوی ئێران لە ساڵی ١٣٨٨ـەوە لە لیستی ڕەشی ئەو ڕێکخراوەدایە.

''ئێف ئەی تی ئێف'' جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی پەسەندنەکردنی کۆنوانسیۆنەکانی پالێرمۆ و دابینکردنی پارەی تێرۆریزم بەپێی پێوەرەکانی ئەم ڕێکخراوە، کۆماری ئیسلامی لە لیستی ڕەشی خۆیدا دەهێڵێتەوە.

لە ساڵی ١٣٩٧ـەوە عەلی خامنەیی و بەشێک لە دامودەزگاکانی ژێر چاوەدێریی ناوبراو هۆکاری سەرەکیی نەهێشتنی ناوی ئێران لەم لیستە بوون.

پاڵپشتیی دارایی و نیزامیی کۆماری ئیسلامی لە گرووپەکانی میلیشیاکان لە فەلستین، لوبنان، عێراق و یەمەن کە بە میحوەری موقاومەت ناسراون، یەکێک لە هۆکارە هەرە گرینگەکانە کە کۆماری ئیسلامی نە دەیەوێت و نە دەتوانێت بەشداری ئەم کۆنوانسیۆنە بکات.

هەبوونی ناوی وڵاتان لە لیستی ڕەشی ئەی ئێف تی ئێف بە مانای سنووردارکرانەوەی توندی کاروبارە داراییەکانی ئەو وڵاتانە دەبێت.