ڕێژیم بە مەبەستی سەپاندنی خواستەکانی خۆی بەسەر خوێنداکاراندا، لە ڕێگای جیاوازەوە هەوڵ دەدات گوشارەکان بۆ سەر ئەم بەشە لە کۆمەڵگە زیاتر بکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکان ڕێژیم لە نوێترین هەوڵەکانی خۆیدا، شێوازی نوێی بۆ پابەندکردنی تاکەکان بە حیجابی زۆرەملێ و ناچارکردنی خەڵک بە وەچەخستنەوە لەبەر گرتووە.
ڕێژیم لەم هەوڵە نوێیەدا بە مەبەستی ناچارکردنی خوێندکاران بە ڕەچاوکردنی حیجابی زۆرەملێ و پەرەدان بە سیاسەتی بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەت و گەڵاڵەی جوانیی حەشیمەت، پێوەری نمرەی بۆ داناون.
بەپێی زانیارییەکان، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، سەپاندنی حیجابی زۆرەملی بەسەر کجانی خوێندکاراندا زیاتر بووەتەوە و هەندێ لە بەناو مامۆستایان بە دیاریکردنی نمرە بۆ "پۆششی ئیسلامی و ئەخلاقی" خوێندکارەکانیان خستووەتە ژێر گوشارەوە و ڕایانگەیاندووە کە هەتا ٥ نمرەیان لەسەر بنەمای ڕەچاوکردنی حیجاب دەبێ.
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕێژیم بە مەبەستی پێداگری لەسەر بڕیاری خامنەیی بۆ جێبەجێکرانی سیاسەتی جەوانیی حەشیمەت، لەلایەن بەناو مامۆستایانی زانکۆکانەوە بۆ ئەو خوێندکارانەی کە لە درێژەی خوێندندا هاوسەرگیری بکەن یان منداڵیان ببێت، ئێمتیازی تایبەت لەبەرچاو دەگرن.
بە وتەی خوێندکاران، هەندێک لەم ئێمتیازانە بریتین لە: پێویست نەبوونی بەشدایکردنیان لە پۆلەکان، پێدانی ٥ هەتا ١٠ نمرە، پێدانی نمرەی تەواوی وانە پراکتیکییەکان و ئاسانکاریی بەرچاو بۆ ئامادەکردنی تێزەکەیان و بەرگریکردن لە تێزەکەیان.
هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ گوشارخستنە سەر ژنان بە شێوازی جیاواز بەردەوامە و لە دوای دەسپێكی بزووتنەوەی ژیناوە کە ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان لەم بزووتنەوەیەدا گێڕا، ڕێژیم بە شێوازی جیاواز هەوڵ بۆ سەرکوتی ژنان بە مەبەستی تۆڵەکردنەوە دەدات.