کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆیتێرز: خامنەیی سەبارەت بە کوشتنی نەسروڵڵا هۆشداریی دابوو

12:15 - 12 رەزبەر 2724

عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم چەند ڕۆژ پێش کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا هۆشداریی دابوو کە ئیسرائیل لەهەوڵدایە ناوبراو بکوژێت و داوای لێ کردبوو کە لە لوبنان بچێتە دەرەوە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگاداری ئێرانییەوە ڕایگەیاندووە کە پاش تەقاندنەوەی پەیجێرەکانی حیزبوڵڵا، خامنەیی لە پەیامێکدا داوای لە نەسروڵڵا کردووە تاکوو لوبنان بەجێ بێڵێت و بچێتە ئێران.

ئەم سەرچاوە بۆ ڕۆیتێرزی زیاد کردووە کە عەباس نیلفرووشان پەیامەکەی خامنەیی گەیاندووەتە دەستی نەسروڵڵا.

ڕۆژی هەینی ٦ی ڕەزبەر حەسەن نەسروڵڵا و عەباس نیلفرووشان لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا لە باشووری بەیرووت کوژران.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە خامنەیی ڕۆژێک پاش کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا و نیلفرووشان چووەتە شوێنێکی پارێزراو و هەر لەوێوە فەرمانی داوە کە نزیک بە ٢٠٠ مووشەک لە تۆڵەی خوێنی ئەم دوو کەسە ئاراستەی ئیسرائیل بکرێت.

جیا لەمەش لە بەیاننامەی سپای پاسداراندا ناوی ئیسماعیل هەنییە وەک یەکێک لەو کەسانەی کە لەم هێرشەدا تۆڵەی خوێنی وەردەگیرێت، هاتبوو.

خامنەیی لەکاتێکدا داوای لە نەسروڵڵا کردووە بۆ پاراستنی گیانی بچێتە تاران کە ئیسماعیل هەنییە ڕێبەری حەماس ١٠ی گەلاوێژی ئەمساڵ و تەنیا چەند کاتژمێر پاش ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری نوێی ڕێژیم، لە یەکێک لە شوێنە ئەمنییەتییەکانی تاران کوژرا.

نیگەرانییەکان لە دزەکردنی مووساد لەنێو هێزەکانی سپای پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنان بە کوشتنی بەرپرسانی باڵای ڕێژیم و میلیشیاکانی لە هەموو ناوچەکە و تەنانەت تارانیش، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەکات تا ڕادەیەک کە بە وتەی ئەم ڕۆژنامەیە لە ئێستادا مەترسییەکی جیددی بۆ سەر گیانی خامنەیی هەیە.