کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسێدارەدرانی لانیکەم ١٥٠ کەس لە ڕەزبەری ئەمساڵدا لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە

19:44 - 6 خەزەڵوەر 2724

کانوونی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە ڕێژەی زۆری لەسێدارەدانەکان لەلایەن ڕێژیمەوە لە مانگی ڕەزبەردا کردووە و ڕایگەیاندووە کە لانیکەم ١٥٠ کەس لە بەندیخانە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیمدا لە سێدارە دراون.

بە پشتبەستن بە ئامار و زانیارییە تۆمارکراوەکان لە "کانوونی مافی مرۆڤی ئێران" هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی کەمپەینی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" لە سەرتاسەری ئێراندا کە خوازیاری کۆتاییهێنان بە سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدانن، لانیکەم ١٥٠ کەس لەلایەن ڕێژیمەوە لە سێدارە دراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە کۆی ١٥٠ بەندکراوی لەسێدارەدراو، ١٤٥ کەسیان پیاو و ٥ کەسیان ژن بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە، ڕێژیمی ئێران لەم مانگەدا ٢ بەندکراوی دیکەشی لە بەرچاوی خەڵکەوە و بە بێ ئاگاداری بنەماڵەکەیان و مافی ئاخرین چاوپێکەوتن لە سێدارە دراون.

بەشێکی بەرچاو لە لەسێدارەدانەکان، لەلایەن ناوەند و ئۆرگانە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمەوە ڕانەگەیەندراون و بە شێوەی نهێنی جێبەجێ کراون.

ڕێژیمی ئێران زیاترین ڕێژەی لەسێدارەدانەکانی لە جیهاندا هەیە و بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی لێبوردنی نێونەتەوەیی، ٧٥ لەسەدی لەسێدارەدانەکان لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا لە ئێران جێبەجێ کراون و ئەم ڕێژیمە سزای لەسێدارەدان وەکوو ئامرازێک بۆ سەرکوت و ترساندنی دژبەرانی خۆی بەکار دێنێت.