کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم: "خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفی و بوونی سمێڵ" قەدەغەیە

10:46 - 7 خەزەڵوەر 2724

ڕۆژنامەیەکی شەرق لە ڕاپۆرتێکی مەیدانی لە مامۆستایانی خوێندکار و خوازیارانی دامەزراندنی وەزارەتی پەروەردەدا، باسی لە حاڵەتگەلێک لە وەرگرتنی دڵخوازی کۆماری ئیسلامی بۆ دامەزراندن کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی شەرق ڕۆژی یەکشەممە ٦ی خەزەڵوەر، شێوازی دامەزراندنی وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیم لەلایەن مامۆستایانی خوێندکار و خوازیارانی دامەزراندن ناڕەزایەتی لێ کەوتووەتەوە و بە ناپرۆفیشناڵ و ئیدئۆلۆژیک ناویان بردووە.

لەم ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە ناڕازییان ڕایانگەیاندووە کە "بە هۆکاری ناپیشەیی وەک خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفی، شێوازی جلوبەرگ، هەبوونی سمێڵ، بۆیەی نینۆک، دواکەوتنی نوێژ، پەیوەندیکردن لەگەڵ هاوپۆلیی کچ یان پیاو، نەبوونی چارشێو لە ڕۆژی تاقیکردنەوە، لایککردنی پەیجی ئینستاگرام، کەمی ئامادەبوون لە نوێژی هەینی یان ڕێپێوان، و چۆنیەتیی جلوبەرگ لە ڕێورەسمە بنەماڵەییەکانی خێزاندا" لە دامەزراندن بەجێ ماون.

بەپێی  ئەم ڕاپۆرتە، شێوازی وەرگرتن لە پەروەردە و ڕاهێناندا نازانستی و توندئاژۆیانە و بە سەلیقەی کەسییە و لەم پرۆسەیەدا "ئاستی زانستی و لێهاتوویی خوازیاران" لەبەرچاو ناگیرێت.

لەو بارەوە بەرپرسێکی زانکۆی تەربیەتی دەبیری ڕەجایی بە ڕۆژنامەی "شەرق"ی ڕاگەیاند، پڕۆسەی وەرگرتنی ئێستا لە پەروەردەدا هەر وەک وەرگرتنەکانی ساڵانی شەستەکانە.

توندوتۆڵی ئیدئۆلۆژیک لە شێوازی وەرگرتنی پەروەردە و ڕاهێنان لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتی پێشوو، ئەمساڵ قوتابخانەکانی ئێران ڕووبەڕووی کەمیی زیاتر لە ١٧٦ هەزار مامۆستا بووەتەوە و ئەو بەربەستانەی کە دەسەڵاتدارانی دایانناوە ئەو کیشەی زیاتر کردووەتەوە.