کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەفیلی سیاسیی سوعدا خەدیرزادە: ئێمە هەوڵ بۆ ئازادیی ئێوە دەدەین

11:10 - 7 خەزەڵوەر 2724

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، هاوکات لەگەڵ ١٢٠٠ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سوعدا خەدیرزادە و منداڵەکەی کە لە بەندیخانە لەدایک بوو؛  سارا لارکمپ، پارێزەری مافی منداڵان لە  فراکسیۆنی SPDی پارلەمانی ئاڵمان کە زیاتر لە دوو ساڵە کەفالەتی سیاسیی سوعدا و کچەکەی سۆلینای لە ئەستۆ گرتووە؛ هاودەنگ لەگەڵ ڕێکخراوی "هاوار هێڵپ" لە کاردانەوە بە درێژەکێشانی دەسبەسەرکرانی سوعدا و کچەکەی لە بەندیخانەی ورمێ نووسی، ئێمە هەوڵ بۆ ئازادیی ئێوە دەدەین. هیچ منداڵ و دایکێک نابێ بەم جۆرە ئازار بچێژن. وەرن با بۆ ئازادی و داهاتوویەکی باشتر لە ئێراندا خەبات بکەین.

ئەم کەفیلە سیاسییە دەڵێ؛ سوعدا خەدیرزادە و کچەکەی ئەمڕۆ ڕێک ١٢٠٠ ڕۆژە کە لە بەندیخانەدان. سولینا لەوێ لە دایک بووە و سەبارەت بەو دیوارانەی بەندیان کردووە شتێک نازانێ. دایک و کچ لە دۆخێکی تۆقێنەردا لە بەندیخانە ئازار دەچێژن و لەگەڵ بەدخۆراکی، کەمبوونی چاوەدێریی پزیشکی و دەسپێڕانەگەیشتن بە پێداویستییەکانی هەر دایکێک کە بۆ منداڵەکەی دابینی دەکات، بەرەوڕوون. ئەوان لە مافی مورەخەسی بێبەری کراون و مافە سەرەتاییەکانیان لەبەرچاو ناگیردرێت.

سارا لارکمپ، پێشتریش چەندین جار کاردانەوەی بە دەسبەسەرکردنی سوعدا و کچەکەی نیشان دابوو و وتبووی؛ من لە خەبات بۆ ئازادیی سوعدا و سۆلینا پاشگەز نابمەوە. هیچ منداڵێک نابێ لە بەندیخانەدا گەورە بێت، بەڵام ئەمە ڕاستییەکی تۆقێنەرە کە سۆلینا لە بەندیخانەی ورمێ لە دایک بووە و تا ئەمڕۆش لەگەڵ دایکی هەر لەوێیە.

ئەمە ئەرکی ئێمەیە کە بۆ مافی مرۆڤ و کەرامەتی هەر منداڵێک خەبات بکەین.

گەلاوێژی ١٤٠٢، سارا لارکمپ بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە فەیسبووکی خۆیدا باسی لە لەئەستۆگرتنی کەفالەتی سیاسیی سوعدا خودیرزادە و کچەکەی "سۆلینا" کرد و لە نامەیەکدا بۆ باڵوێزخانەی ئێران لە ئاڵمان سەبارەت بە دۆخیان نیگەرانی دەربڕی و خوازیاری ئازادیی ئەم دایک و کچە لە دۆخی نامرۆڤانەی بەندیخانەی ئێڤین بوو.

سارا لارکمپ، لەم پۆستە فەیسبووکییەدا ڕایگەیاندووە، وەکوو نوێنەری پارێزەری مافی منداڵان لە فراکسیۆنی SPDی پارلەمانی ئاڵمان، من بە دۆخی ئەم دایک و منداڵە حەپەساوم و نیگەرانم! بۆیە داوا لە هەمووان دەکەم ئەم پۆستەی من هاوبەش بکەن و سەرنجمان بخەینە سەر چارەنووسی سوعدا و سۆلینا!

ئەم پارلەمانتارە ئاڵمانییە، بە ئاماژە بە نەبوونی کەرەستەی یاریکردن، پزیشکی منداڵان، دەرمان، خواردن و جلوبەرگی پێویست بۆ سۆلینا، ئیزنی یەک کاتژمێر چوونەدەرەوە لە بەند لە ڕۆژدا و دەسپێڕانەگەیشتنی سوعدا بە پارێزەر و مورەخەسی وتوویەتی دۆخی ئەوان دژی مافی مرۆڤە و دەبێ بەزوویی ئازاد بکرێن.

ئەم پارێزەری مافی منداڵانە لە پارلەمانی ئاڵمان، لە دەقی نامەکەیدا وتوویەتی؛ پاش ئەوەی کە لە دۆخی سەعدا و سۆلینا ئاگادار کرامەوە، ئەرکی پشتیوانی لەوان لە ڕێکخراوی مافی مرۆیی "هاوار"م لە ئەستۆ گرت. سوعدا بە ئەندامەتی لە گرووپێکی ئۆپۆزسیۆنی کورد تۆمەتبار کراوە، تۆمەتێک کە کۆمەڵگەی بەلاڕێداچووی ئێران، لەگەڵی بەرەوڕوویە. ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکراندا دووگیان بووە و ناچار بووە و لە دۆخێکی مەترسیداردا منداڵەکەی بێنێتە دونیاوە و ئێستا بە ١٢ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.