کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: هیچ شوێنێک بۆ ئیسرائیل دوور نییە

11:13 - 7 خەزەڵوەر 2724

یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بەنیسبەت هێرشی ''ورد'' بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندووە: ''هێچ شوێنێک بۆ ئیسرائیل دوور نییە''.

ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند: '' هێرشی ''ورد، مەرگهێنەر و لەناکاو''ی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەڵگری ئەو ڕاسپاردەیە بوو کە ئیسرائیل دەستی بە هەموو ئەو کەسانە کە هەوڵی زیانگەیاندن بە ئێمە دەدەن، دەگات''. 

لە پێوەندی لەگەڵ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا و حەماس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل وتوویەتی: ''ئاکامی هێرش بۆ سەر ئەو دوو گرووپە لە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم، لێوەشاوەیی خۆیان وەکوو ئامێری شوێندانەر (ابزار موثر) لە دەستی ڕێژیم بەدژی ئیسرائیل دەرهێندراون''.

هەروەها یوئاڤ گاڵانت لە پێوەندییەکی تلفۆنی لەگەڵ هاوتا ئەمریکاییەکەی لوید ئاستین، هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر ڕێژیم ''سەرکەوتووانە'' ناو برد و لەو پێوەندییەدا ئاماژەی بە دەرفەت و ڕێکارەکانی دوای ئەو هێرشە کردووە.

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی هێرشێکی سێ بڕگەیی کردووەتەوە سەر ناوەندە سەربازییەکانی سپای پاسداران لەنێو خاکی ئێران و ئەو هێرشەی ئامانجدارانە بەجێ و ورد لە قەڵەم دا.

هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوی دواتری ئەو هێرشەدا باسی ئەوەی کردبوو، بە مەبەستی تۆڵەکردنەوەی هێرشی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی ئیسرائیل، ئەرتەشی ئیسرائیل لە سێ بڕگەدا هێرشی کردووەتە سەر سێ ناوەندی پەدافەندی لە ئێراندا.