کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی خەڵکی قەسری شیرین لەهەمبەر بەهرەمەندنەبوون لە داهاتی بازاڕچەی پەرویزخان

11:43 - 7 خەزەڵوەر 2724

سەرەڕای ئەو داهاتە بەرچاوەی کە لە بازاڕی سنووریی پەروێزخانەوە بەدەست دێت،  خەڵکی خۆجێیی قەسری شیرین هیچ سوودێکی لێ وەرناگرن و ئەمەش ناڕەزایەتیی لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی سەرچاوە نێوخۆییەکان، سەرەڕای وەبەرهێنانی گەورە لەم بازاڕەدا، قازانج و پشکێک لەو داهاتانە نادرێتە خەڵکی قەسری شیرین و ژێرخان و کێشەکانی خۆشبژیوی شارەکە وەک پێویست گرینگی پێ نەدراوە.

لە ڕووداوێکی دیکەدا، پشتگوێخستنی بنەماکانی ئیمەنی لە دارستانەکانی خورما بە درێژایی ڕووباری ئەلوەند، بووە هۆی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە. بە وتەی جێگری سیاسیی فەرمانداری، سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی چەندین جارەی ناوەندەکانی پێوەندیدار بۆ ڕێگریکردن لەو ڕووداوە، ئەم ئاگرکەوتنەوەیە لە دارستانەکاندا ڕووی داوە.

هەروەها بڕیار بوو فێستیڤاڵی جێژنی خورما لە ٣ی خەزەڵوەر بەڕێوە بچێت؛ بەڵام ئەم ڕێوڕەسمە بە بیانووی بۆنەی دیکەی سەر بە ڕێژیم هەڵوەشایەوە و بۆ وادەیەکی نادیار دواخرا. ئەم بڕیارە ناڕازیبوونی بەربڵاوی خەڵک و نیگەرانی گرینگی نەدان بە پێویستی و داواکارییەکانی هاووڵاتییانی لە قەسری شیرین زیاتر کردووە.

خەڵکی قەسری شیرین داوای پشکێکی دادپەروەرانە لە سەرچاوەکانی داهاتی ئەو ناوچەیە و پێڕاگەیشتنی جیددی لەگەڵ کێشە ژێرخانی و کۆمەڵایەتییەکانی شارەکە دەکەن.

قەسری شیرین لە ڕۆژاوای شاری کرماشان هەڵکەوتووە و پتر لە ٢٧ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە و ١٨٦ کیلۆمیتر سنووری لەگەڵ عێراق و کوردستانی باشوور هەیە کە لەو نێوانەدا ٢ سنووری فەرمیی "خەسرەوی" لەگەڵ عێراق و "پەرویزخان" لەگەڵ کوردستانی باشوور هەیە.