ڕۆژنامەنووسێکی نیۆیۆرک تایمز لە بابەتێکی نوێی خۆیدا کە بۆ ئەم ڕۆژنامەی نووسیوە، باسی لە ئاگادارنەبوونی سەرۆککۆماری ڕێژیم لە هێرشەکەی سپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل کردووە.
تووماس فریدمەن لە بابەتەکەیدا هێناویەتی کە مەسعوود پزشکییان سەرۆککۆماری تازە دەستنیشانکراوی ڕێژیم تەنیا کاتژمێرێک پێش ئەنجامی هێرشەکە ئاگادار کراوەتەوە.
ناوبراو هۆکاری ئاگادارنەکردنەوەی باڵاترین بەرپرسی دەوڵەتی ئێرانی لە هێرش بۆ سەر وڵاتێکی دیکەی، بە چەندبەرەکی و کەلێنی سیاسی لە پێکهاتەی هێز لە ئێران زانیوە.
ئەم ڕۆژنامەنووسە زیادی دەکات کە دزەکردنی بەربڵاوی ئیسرائیل لەنێو هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و میلیشیاکانی، بووتە هۆکار تاکوو تەنانەت بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی تاران لە متمانەکردن بە یەکتر تووشی کێشە ببن و نەزانن کە چ کەسانێک بۆ مووساد کار دەکەن.
تەنیا حەفتەیەک پێش لە کوژرانی ئیسماعیل هەنییە ڕێبەری حەماس لە تاران، ئیسماعیل خەتیب وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیم باسی لە نێوبردنی تۆری دزەکردنی مووساد لە ئێران کردبوو.
پاش کوژرانی هەنییە بابەتی دزەکردنی مووساد لە نێو هێزەکانی ئیتلاعات و سپای پاسداران بۆ جارێکی دیکە کرایەوە بە ڕۆژەڤ.
ماوەی دوو حەفتە لەمەوبەر پێشکەشکارێکی دەنگوڕەنگی ڕێژیم لە سەر پەخشی ڕاستەوخۆ ڕایگەیاند کە مووساد لە یەک مانگی ڕابردوودا لە نێوخۆی ئێران ئۆپەراسیۆنێکی ئەنجام داوە کە جیا لە کوشتنی چەند کەس، کۆمەڵێ بەڵگەی نهێنیشی دەست کەوتووە.
هەرچەند کە سپای پاسداران دواتر قسەکانی ئەم پێشکەشکارەی ڕەت کردەوە بەڵام دزەکردنی مووساد لە نێو ڕیزەکانی ڕێژیم بابەتێکی نوێ نییە و لە ساڵانی ڕابردوودا ئیسرائیل لەم رێگەوە خەساری قەرەبوونەکراوی بە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی تاران گەیاندووە.