کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیکس هەژماری عیبریی عەلی خامنەیی هەڵپەسارد

11:55 - 7 خەزەڵوەر 2724

عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس، هەژمارێکی بە زمانی عیبری داناوە و ئیکس لە دوای یەک ڕۆژ دوای دامەزرانی ئەو هەژمارە، هەڵیپەسارد.

ڕۆژی یەکشەممە ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، هەژماری عیبریی عەلی خامنەیی، لە دوای دووهەمین بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس، کە بەشێک لە قسەکانی ناوبراو کە باسی ئیسرائیلی کردبوو، هەڵپەسێردرا.

ڕێبەری ڕێژیم لەو بڵاوکراوەدا باسی ئەوەی کردبوو: ''ڕێژیمی سەهیۆنیستی تووشی هەڵەی لێکدانەوە بووە و دەبێت هێز و ئیرادە و داهێنانی نەتەوەی ئێران و لاوەکانی وڵاتیان پێ نیشان بدەین''.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، نووسینگەی عەلی خامنەیی هەواڵی دەستبەکاربوونی هەژماری ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە زمانی عیبری لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس بڵاو کردبووەوە.

شایانی باسە داخستنی هەژماری عەلی خامنەیی بۆ یەکەمجار نییە بەڵکوو لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بۆ چەندین جار ئیکس یەکێک لە هەژمارەکانی "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانی زمانەکانی دیکەی بۆ هەمیشە داخستووە.

 هەروەها ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەپێی ڕاپۆرتی بەشی "مانیتوریگیی بی بی سی"، هەژماری عەلی خامنەیی لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەنیمەیشنێک داخرا کە لەودا "دانڵد ترامپ" سەرکۆماری پێشووی ئامریکا لە تۆڵەی کوژرانی "قاسم سلێمانی"  دەکوژرێت.