کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی خوێندکارانی زانکۆی تاران بە دروشمی ''ژن، ژیان، ئازادی''

10:46 - 8 خەزەڵوەر 2724

خوێندکارانی کۆلێژی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی تاران ڕۆژی یەکشەممە ٦ی خەزەڵوەر، لە ناڕەزایەتی بە "بازرگانیکردنی فەزای خوێندکاریی"، "جیاکاریی ڕەگەزی" و "بەڕێوەچوونی نمایشێکی سێلێبریتی مێحوەر بە ئامانجی سڕینەوەی سیاسەت'' لە زانکۆ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

 کۆبوونەوەی خوێندکارارن لە بەردەم کۆلێژی زانستە کۆمەڵایەتییەکان بەڕێوە چوو. ئەوان دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، "نە پادگانە، نە بۆنگا، سڵاو لە زانکۆ"، "هەر کەسێک چاوی داخستووە لەم سەرکوتکردنەدا هاودەستە"، "سیاسەت ئاڕاستەکراوی سێلێبریتی، لاوازکردنی سیاسەتی ڕێکخستنە."

ئەم کۆبوونەوە دوای یارییەکی تۆپی پێ بە ئامادەبوونی ژمارەیەک کەسایەتیی بەناوبانگ لەسەر چەمەنی کۆلێژی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی تاران بەڕێوە دەچوو کە مەبەست لەو یارییە دروستکردنی کەشێکی شاد و خۆش لە دانیشکەدەکەدا و هەروەها داهاتی فرۆشتنی کراس و تۆپی واژۆکراو بۆ خەرجکردنی بۆ خێرخوازی ڕاگەیانەدرابوو.

لە ناڕەزایەتیدەربڕین بەم بەرنامەیە، خوێندکاران لە بەردەم چەمەنی کۆلێژ دانیشتن و دوای ئامادەبوونی حەراسەتی زانکۆ دروشمی "ژن، ژیانی ئازادی"یان دەوتەوە.

لە ساڵانی ڕابردوودا و بە تایبەت دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٤٠١، ڕێژیمی ئێران دەستی بە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی زانکۆکان کرد و جگە لە هەڵسوکەوتی توندوتیژانە، هەوڵی دا بە دەرکردن و هەڵپەساردنی خوێندکاران تێچووی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان زیاد بکات.