پاش نەمانی مەترسییەکانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانەکانی وزەی ئێران، نرخی دۆلار هەر لە سەرەوە ماوەتەوە و پاش ئەنجامی هێرشەکە دابەزینی بە خۆیەوە نەبینی.
لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ هەڕەشەکانی ئیسرائیل پێش هێرشکردنە سەر ئێران، نرخی نەوت و دۆلار بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینی و هەروەها پێنوێنی بوورسی ئێران، دابەزینێکی مێژوویی تۆمار کرد.
لە پاش ئەنجامی هێرشەکە و نەمانی مەترسییەکان لە کردنە ئامانجی دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا ٦٪ کەمی کردەوە و پێنوێنی بوورسیش لە بەرزبوونەوەدا بووە، بەڵام نرخی دۆلار کە لەکاتی هێرشە مووشەکییەکەی سپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل نزیک بە ٦٠ هەزار تمەن بوو گەیشتە ٦٩ هەزار تمەن و پاش وڵامەکەی ئیسرائیلیش دابەزینێکی ئەوتۆی بە خۆیەوە نەبینی.
لەلایەکی دیکەوە نرخی سکەی زێڕ لەم ماوەدا بە تێپەڕکردنی ٥٦ میلیۆن تمەن باڵاترین نرخی لە مێژووی خۆیدا تۆمار کرد.
بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و سکە و زیادبوونی کێشەکانی خەڵک لەم پێوەندییەدا لەکاتێکدایە کە ڕۆژنامەکانی کۆماری ئیسلامی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و پاش ئەوەی کە ژێرخانە گرینگەکانی وزەی ئێران نەبوو بە ئامانجی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل، بە خۆشحاڵییەوە باسیان لە دابەزینی نرخی دۆلار و سکە کردووە کە بەگشتی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی لەچاو ڕۆژێک پاش هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل بە خۆیەوە بینیوە و نەیگێڕاوەتەوە بۆ نرخی ئەو کاتی.
سیاسەتە شەڕەنگێزییەکانی کۆماری ئیسلامی کە سەرەکیترین هۆکاری وێرانکردنی ئابووریی ئێرانە بەهۆی پەردەپۆشکردنی شکستەکانی لە نێوخۆی ئێران و لە بەرامبەر خەڵکەکەیدا بەردەوامە و ڕۆژ بە ڕۆژ خەڵکی ئێران لە مەترسییەکانی هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورە و چەندقات بوونەوەی کێشەکانیان نزیکتر دەکاتەوە.