کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارەبا لە ئێران گران دەبێت

12:03 - 8 خەزەڵوەر 2724

وەزیری وزەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، بەپێی یاسای ''لابردنی ئاستەنگەکان''، دەوڵەت چیتر ڕۆڵ لە دابینکردنی کارەبای ڕیاڵی نابینێت و خەڵک دەبێ کارەبای پێویستی خۆیان بکڕن.

ڕۆژی دووشەممە ٧ی خەزەڵوەر، عەباس عەلی ئابادی بە هەواڵدەریی مێهری ڕاگەیاندووە، بەپێی یاسای "لابردنی ئاستەنگەکان" لە پیشەی کارەبادا، دەبێ نرخی کارەبا بەرزبێتەوە و بەپێی یاسای وەزارەتی وزە، ئەوە نابێت بە بودجەی دەوڵەت گرێ درابێت.

لە هاوینی ئەمساڵدا ئێران ڕووبەڕووی کورتهێنانی کارەبای ٢٥ لەسەدی بە ڕێژەی هەزار مێگاوات بووە، گەیاندنی کارەبا بۆ پیشەسازی و کشتوکاڵ بە توندی سنووردار بوو، هەروەها پچڕانی کارەبا بنەماڵەکانیشی گرتەوە.

کاربەدەستانی ڕێژیم دەڵێن هۆکاری زیادبوونی کورتهێنانی کارەبا، گەشەی بەکارهێنانی نێوخۆ و کەمبوونەوەی نرخی کارەبایە؛ لەکاتێکدا ئامارەکانی شیرکەتی تەوانیر دەریدەخات بڕی بەفیڕۆدانی کارەبا لە پرۆسەی گواستنەوە و دابەشکردنیدا ٤٠ تراوات کاتژمێرە کە بەرابەرە لەگەڵ بەکارهێنانی ٤٠ لەسەدی سەرجەم بنەماڵەکان لە ئێران.

تۆمەتبارکردنی هاووڵاتییان بە بەکارهێنانی زۆری کارەبا لە کاتێکدا بەکارهێنانی کارەبای سەرتاسەری لە ئێران تەنانەت ٣٥ لەسەد لە هاووڵاتیانی یەکیەتیی ئورووپا کەمترە و نزیکەی ١٢٠٠ کیلۆوات کاتژمێرە.

تا ئێستا ڕوون نییە بە وردی دەوڵەت بەنیازە نرخی کارەبا چەند بەرز بکاتەوە، بەڵام لەم دواییانەدا مستەفا ڕەجەبی مەشهەدی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری شیرکەتی تەوانیر ڕایگەیاند، بۆ بەکارهێنانی کارەبا تا سنووری دیارکراو، بەشداربووان نیوەی تێچووی پێدانی کارەبا دەدەن.