ڕۆژی دووشەممە، ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە هێرشی ڕاستەوخۆی وڵاتەکەی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە: ''لە هێرش بۆ سەر ئێران کارخانەی مەرگمان لەنێو بردووە.
نێتانیاهوو لە وتاری خۆی لە پارلەمانی ئیسرائیلدا، ڕایگەیاندووە: ''ئێمە بە توندی زیانمان بە سیستەمی بەرگریی ''سامانەی پەدافەندی'' و توانایی لێدانی هاژەکیی ڕێژیمی ئێران گەیاندووە''.
هەروەها سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە وتارەکەی خۆیدا وتوویەتی: ''ئەو دامەزراوانەی هێرش کراوەتە سەریان نەک کارگەی سادە بەڵکوو کارخانەی پیشەسازیی مەرگ بوونە و لەنێومان بردوونە".
هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژنامەی ''واڵ ستریت ژۆرناڵ" لە ڕاپۆرتی ڕۆژی شەممە ٥ی خەزەڵوەردا، باسی لەوە کردبوو، ئیسرائیل لەو هێرشەدا سەرەتا سیستەمی بەرگریی سووریە و عێراقی لەکار خستووە و دواتر هێرشی کردووەتە سەر سیستەمی بەرگریی ڕێژیمی ئێران و بێ هیچ گرێ و مەترسییەک هێرشی بۆ سەر ناوەندە سەربازییەکانی ئێران لەوانە؛ سیستەمی ڕووسی ئێس-٣٠٠ کە بۆ پارێزگاری لە تاران و پاڵاوگە نەوتییەکان، گۆڕەپانی گازیی گەورە و بەندەرێکی گەورە، درێژە پێ داوە.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕێژیم سەبارەت بە هێرشی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی، ئەو لێدوانەی نێتانیاهووی بەدرۆ خستووەتەوە و وتوویەتی: ''هێچ فڕۆکەیەکی ئیسرائیلی هەرێمی ئاسمانیی ئێرانی نەبەزاندووە''.
ئەوە لە کاتێکدایە وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوە، فەرماندە و بەرپرسی سیاسی و سەربازیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەنیسبەت ئەو هێرشەوە لێدوانیان داوە بەڵام لە باکارهێنانی وشەی هەڕەشەئامێز و توند خۆیان پاراستووە.
ئەوە لە کاتێکدایە عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، باسی لەوە کردبوو: ''ڕێژیمی سەهیۆنیستی تووشی هەڵەی لێکدانەوە بووە و دەبێت هێز و ئێرادە و داهێنانی نەتەوەکانی ئێران و لاوەکانی وڵاتیان پێ نیشان بدەین''.
خامنەیی لە درێژەی قسەکانیدا بەنیسبەت ئەگەری دژکردەوەی ئێران لەدژی ئیسرائیل زۆر توند و هەڕەشەئامێزانە نەبووە و وتوویەتی: '' بەرپرسانی ئێمە دەبێت لە ڕەوتی چۆنیەتیی کاردا، دروست لێکی بدەنەوە و بزانن چی لە قازانجی وڵاتدایە''.