ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی ژینگەپارێزی ''سەوز چیا'' لە دوای بانگهێشتکردنی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە مەریوان، لە چارەنووسی هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، هاووڵاتییەکی مەریوانی بەناوی "عەلی ڕۆحی(پشکۆ)'' تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی گوندی ئەسراوای مەریوان، کە پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی سەوز چیا بووە، ڕۆژی شەممە ٥ی خەزەڵوەر، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕیژیمەوە لە مەریوان بانگ کراوە و لە دوای سەردانیکردنی ئەو ناوەندە، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە دوای چەند ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی عەلی ڕۆحی، هەوڵی بنەماڵەی ناوبراو بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی هەتاکوو ئێستا بێ ئاکام بووە.
ئەو هاووڵاتییە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە هەڕەشەی لێ کرابوو کە دەبێت بە زووترین کات خۆی بەو ناوەندە ئەمنییەتییەی ڕێژیم بناسێنێت، ئەگەر وا نەکات ئەوە بە شێوەی توندوتیژ دەسبەسەر دەکرێت.
جێگای ئاماژەیە هەتا ئیستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران، تۆمەتی وەپاڵدراو، شوێنی مانەوە و چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.