کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبوڵڵا جێگرەوەی حەسەن نەسروڵڵای دیاری کرد/ قاسم نەعیم بوو بە ڕێبەری گرووپی حیزبوڵڵا

16:45 - 8 خەزەڵوەر 2724

حیزبوڵلای لوبنان، گەورەترین گرووپی میلیشیایی سەر بە ڕێژیمی ئێران، پاش زیاتر لە یەک مانگ لە کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، جێگرەوەی بۆ ناوبراو دیاری کرد.

گرووپی حیزبوڵڵا ئەمڕۆ سێشەممە ٨ی خەزەڵوەر، ڕایگەیاند کە نەعیم قاسمی وەکوو جێگرەوەی حەسەن نەسروڵڵا، ڕێبەری ئەم گرووپە کە لە هێرشی ڕۆژی ٦ی ڕەزبەری ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵای لوبنان کوژرا، دیاری کردووە.

دوابەدوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، شیمانەی ئەوە دەکرا کە هاشم سەفیەدین وەکوو جێگرەوەی ناوبراو، ڕێبەرایەتیی حیزبوڵڵا بە دەستەوە بگرێ، بەڵام ناوبراویش لە هێرشێکی دیکەی ئیسرائیلدا کوژرا.

نەعیم قاسم لە ساڵی ١٩٩١دا لەلایەن عەاس ئەلمووسەوی، ڕێبەری ئەوکاتی حیزبوڵڵاوە وەکوو جێگر دیاری کرا.

پاش کوژرانی ئەلمووسەوی، حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەرایەتیی حیزبوڵڵای لە ئەستۆ گرت و نەعیم قاسم وەکوو جێگری ناوبراو درێژەی بە چالاکیی خۆی لەم گرووپە دا.

ناوبراو یەکێک لە وتەبێژە دیارەکانی گرووپی حیزبوڵڵا بوو.

ئیسرائیل ڕایگەیاندووە هەر کەسێک وەکوو ڕێبەری حیزبوڵڵا یان حەماس دیاری بکرێت، دەچێتە نێو پێڕستی ئامانجەکانی ئەم وڵاتەوە.

حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەری پێشووی حەماس، لە ڕۆژی ٦ی ڕەزبەری ئەمساڵدا و دوابەدوای هێرشی مووشەکی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندی فەرماندەیی ئەم گرووپە لە زاحییەی بەیرووت کوژرا.

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە یەکەم لێدوانی گشتیدا دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەم کارەی بە "مەرجێکی پێویست" بۆ گەیشتن بە ئامانجە جەنگییەکانی ئیسرائیل لەوانە گەڕانەوەی دانیشتووانی ناوچەکانی باکوور بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان ناو برد.

نێتانیاهوو وتی: لەگەڵ ئەو کەسەی کە بەرپرسیار بوو لە کوشتنی بێژماری ئیسرائیلییەکان و زۆرێک لە هاووڵاتییانی وڵاتانی دیکە وەکوو ئەمریکا و فەرانسە حیسابی خۆمان یەکلا کردەوە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەروەها حەسەن نەسروڵڵای بە بزوێنەری ناوەندی میحوەری خراپەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ناو برد و جەختی کردەوە کە نەک هەر لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە ڕێنوێنی دەکرا، بەڵکوو خۆی زۆر جار ڕێنوێنی ڕێژیمی ئیسلامی دەکرد.