کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وریشە مورادی پاش ٢٠ ڕۆژ کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا

16:51 - 8 خەزەڵوەر 2724

وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کوردی بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤین، پاش ٢٠ ڕۆژ، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا.

مورادی لە ڕۆژی ١٩ی ڕەزبەرەوە و بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە لەسێدارەدانەکان و پشتیوانی لە کەمپەینی "نا بۆ لەسێدارەدان"، مانی لە خواردن گرتبوو.

ناوبراو دوابەدوای داواکاریی ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکەی، ڕایگەیاند کە لە کۆتایی ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەردا پاش ٢٠ ڕۆژ مانگرتن، کۆتایی بە مانگرتنەکەی دێنێ.

ڕۆژی ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، زیاتر لە ١٢٠ کەس لە چالاکانی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە زیاتریان ژن بوون، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وێڕای داواکاری بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتنی وریشە مورادی لە خواردن، ڕایانگەیاند کە ڕۆژی شەممە ٥ی خەزەڵوەر بە شێوەی سەمبولیک و بۆ پشتیوانی لەم هەوڵەی ناوبراو، بە شێوەی بەکۆمەڵ مان لە خواردن دەگرن.

ئەم چالاکانە ڕایانگەیاندبوو کە ئێمە وەک بەشێک لە کۆمەڵگەیەک کە باوەڕی بە دادپەروەری، ئازادی و مافی مرۆڤە، یەکدڵ لە پاڵ وریشەدا ڕاوەستاوین و بە هیچ شێوە ئامانجمان لەبەرچاونەگرتنی گرینگی و واتای ئەم ناڕەزایەتیدەربڕینە نییە، بەڵکوو هەوڵەکەی بە هەنگاوێکی گرینگ لە ڕاستای بەرخۆدانی مەدەنیدا دەزانین، بە هیچ شێوەیەک مەبەستمان نییە گرینگی و مانای ئەم بەرخۆدانه پشتگوێ بخەین؛  ئێمە کردەوەی ناوبراو بە یەکێک لە هەنگاوە گرینگەکانی ڕێبازی بەرخۆدانی مەدەنی دەزانین و بەرخودانی مەدەنی پێویستی بە هێز، توانا و بەردەوامی هەیە، چونکە ئەم خەباتە، خەباتێکی دوورودرێژ و پڕ لە ئاستەنگە.

ئەم چالاکانە لە بەشێکی دیکە لە بەیاننامەکەی خۆیاندا وێڕای ئەوەی کە ڕایانگەیانبوو ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەر بە مەبەستی ڕێزلێنان لە تێکۆشان و بەرخۆدانی وریشە وەک هێمایەک لە هاودەنگی و پشتیوانی مان لە خواردن دەگرن ڕایانگەیاندبوو کە؛ سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدان تەنیا لە ڕێگەی هاودەنگی، ناڕەزایەتیی گشتی و هەوڵە مەدەنییەکانی تاک بە تاکی کۆمەڵگە دەتوانێ ڕابگیردرێت و هەرکام لە ئێمە بە نۆرەی خۆمان دەنگی ئەم ناڕەزایەتییە بین و لە ڕێگای هاتنەدیی دادپەروەری و بەرگری لە مافی مرۆڤ، دەست لە تێکۆشان هەڵنەگرین.

وریشە مورادی (جوانا سنە)، لەلایەن لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی تارانەوە تۆمەتی "بەغی" دراوەتە پاڵ، تۆمەتێک کە ئەتوانێ دەرکرانی سزای قورسی بەدواوە بێت.