نوێنەرانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەراوێزی دانیشتنی شۆرای ئەمنییەت سەبارەت بە بەردەوامیی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران هۆشدارییان دا.
ڕۆژی دووشەممە ٧ی خەزەڵوەر، نوێنەری ئەمریکا لە درێژەی دانیشتنی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بۆ لێکدانەوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندەکانی تاران بەڕێوە چووبوو، هۆشداری بە ڕێژیمی ئێران دا کە کردەوە هێرشبەرانەکانی دژی ئیسرائیل یان هێزەکانی ئەمریکا کاردانەوەی توندی بەدواوە دەبێ.
لیندا تووماس، لەم دانیشتنەدا وتی: ئێمە لە هەوڵەکان بۆ بەرگری لە خۆمان درێغی ناکەین. هیچ ناڕوونییەک نابێ هەبێ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خوازیاری گرژبوونەوە و زۆربوونەوەی دەرگیرییەکان نییە و باوەڕی وایە شەڕی نێوان ئێسرائیل و ئێران دەبێ کۆتایی پێ بێت.
دەنی دانوون نوێنەری ئیسرائیل لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە پەراوێزی ئەم دانیشتنەدا وتی: هۆشداری بە ڕێبەری ڕێژیمی ئێران دەدەم؛ ئیسرائیل تاکوو ئێستا دانی بەخۆدا گرتووە بەڵام لەمە بەدواوە تەنیا هێز دەبینێت.
ناوبراو ڕایگەیاند کە هەر چەشنە دەستدرێژییەک بۆ سەر ئیسرائیل، کاردانەوەی خێرا، توند و لێبراوانەی بەدواوە دەبێ.
دانوون هۆشداری بە ڕێبەرانی ڕێژیم دا و وتی کە بۆ هەر مووشەکێک لە هەڵیدەدەنەوە هەر خانەیەکی تێرۆریستی کە پشتیوانیی لێ دەکەن، وڵامێک دەبێت و ئیسرائیل بۆ پاراستنی خەڵک و سەروەری خۆی هەوڵی داوە و بۆ دووبارە کردنەوەی، گومانی نییە.
دانیشتنی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داوای ڕێژیمی ئێران و پاش هێرشەکانی سەرلەبەیانیی ٥ی خەزەڵوەر بۆ سەر ناوەندە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی و کوژرانی ٥ کەس لە هێزە نیزامییەکانی ئەم ڕێژیمە بەڕێوە چوو.