کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاوێژکاری باڵای وەزیری تەندروستی: بۆ ماوەی ٧ یان ٨ ساڵی داهاتوو پزیشکێک لە ئێران نامێنێتەوە

10:19 - 9 خەزەڵوەر 2724

قەیرانی کەمیی پزیشک لە ئێران بەردەوام لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەخرێتە بەر باس، بەڵام هەتا ئێستا جگە لە دەربڕینی نیگەرانی و هۆشداریدان هیچ هەوڵێک بۆ ئەم پرسە گرینگە نەگیراوەتە بەر.

عەلی جەعفەریان، ڕاوێژکاری باڵای وەزیری تەندروستیی ڕێژیم ڕایگەیاند: "لە سەرەتای ئینقلابدا پزیشکی بیانیمان هەبوو، تا ٣ ساڵ لەمەوبەر نەخۆشمان نەدەنارد بۆ دەرەوە، بەڵام ئێستا دەینێرین".

 ناوبراو وتوویەتی: پێدەچێت لە ٧ یان ٨ ساڵی داهاتوودا پزیشکێک لە ئێران نەمێنێتەوە و ناچار بین نەخۆش ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بکەین.

پێشتریش ڕەزا لاریپوور وتەبێژی ڕێکخراوی نیزام پزیشکیی ئێران، لە مانگی خەرماناندا وتبووی: "جیهان پێویستی بە زانستی پزیشکی هەیە و لەبەر ئەوەی پیشەیەکی گرانە و ڕاهێنانەکانی هەم کاتبەرە هەمیش تێچووی زۆری هەیە، هەر بۆیە وڵاتانی پێشکەوتوو بەشێک لە هێزە تەندروستییەکانیان لە وڵاتانی دیکەوە دابین دەکەن، بەو پێیەی هێزە تەندروستییەکانی ئێران هێزی زانستی و بەرچاو و دیارن، لە جیهاندا هەر زۆر زوو پەسەند دەکرێن."

ناوبراو دۆخی سیاسی و ئابووری و کێشەی بژێوی ژیانی بە گەورەترین هۆکاری کۆچی پزیشکان بۆ دەرەوەی وڵات زانی و دەشڵێت: ''کەمتر لە سەدا یەک لە کۆمەڵگەی پزیشکی، داهاتی میلیاردیان هەیە. تێکڕای داهاتی کۆمەڵگەی پزیشکی لە خوار ٢٠ میلیۆن تمەنەوەیە و ١٠٠ هەزار کەس لە کۆی ١٥٠ هەزار کەس لە کۆمەڵگەی پزیشکیدا داهاتیان لە نێوان ١١ بۆ ١٥ ملیۆن تمەنە و لەژێر هێڵی هەژاریدان.''

هەر لەو پێوەندییەدا و بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "چاودێری ئێران"، ساڵی ڕابردوو ١٦٠ پزیشکی دڵ لە ئێرانەوە کۆچیان کردووە، هەروەها ٣٠ هەزار کارمەندی پزیشکیش داوای پێدانی بڕوانامەی تایبەتیان کردووە و مەبەستیشیان کۆچکردن بۆ وڵاتی عەمان بووە.

هەروەها لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا ١٦ هەزار پزیشکی گشتی، ئێرانیان بەجێ هێشتووە.