هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان و بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل و ئێران، دەوڵەتی تاران باسی لە زیادکردنی ٢٠٠ لەسەدیی بوودجەی سەربازی کردووە.
فاتمە موهاجێرانی وتەبێژی دەوڵەتی چواردەیەم، ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەزبەر لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە زیادکردنی ٢٠٠ لەسەدیی بوودجەی سەربازیی ڕێژیم بەمەبەستی بەهێزکردنی توانا بەرگرییەکانی کردووە.
بوودجەی سەربازی لە دەوڵەتەکانی کۆماری ئیسلامیدا تەنیا بریتییە لە بەشی ئاشکرا و فەرمیی ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ هێزە سەربازییەکان خەرج دەکرێت و بەشە نهێنییەکانی تێدا ناگونجێندرێت.
زۆربەی بەشە نهێنییەکانی بوودجەی سەربازیی ڕێژیم خەرجی گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە تاران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پیلانە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە هەموو جیهاندا دەکرێت.
لە ئێستادا وێدەچێت دەوڵەتی تاران بە نیگەرانییەوە بڕوانێتە داهاتووی بەرەنگاربوونەوەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و بەم مەبەستەش بوودجەیەکی زۆر زیاتری بۆ توانا سەربازییەکانی تەرخان کردبێت.
هەر چەند کە کۆماری ئیسلامی زیانەکانی دوایین هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانی بچووک لە قەڵەم دابوو بەڵام بەپێی وێنە ئاسمانییەکان لە ڕۆژانی ڕابردوودا کە لەلایەن هەواڵدەرییە ڕۆژاواییەکانەوە بڵاو کراوەتەوە، چەند شوێنی گرینگی سەربازی خەساری جیددییان بەرکەوتووە.
هەر لەم پێوەندییەدا عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیش لە یەکەمین کاردانەوە بە هێرشی ڕاستەوخۆی وڵاتێکی دیکە بۆ سەر ئێران ڕایگەیاندبوو کە نابێت ئەم هێرشە بە هێرشێکی بچووک لە قەڵەم بدرێت.
لەلایەکی دیکەوە دۆخی خراپی ئابووری و هەژاری بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگا بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی کۆماری ئیسلامی، تەنگی بە خەڵکی ئێران چنیوە و تەرخانکردنی بوودجەیەکی وەها زۆر لەم کاتەدا، لەبەرچاونەگرتنی دۆخی ئابووریی خەڵکە.