بەپێی ڕاپۆرتی ''سکای نیوز''، سپای پاسداران لە هەوڵی ئامادەکاری بۆ"هێرشێکی وێرانکەر و بێوێنە و لەناکاو" لە ڕۆژانی داهاتوو بۆ سەر ئیسرائیلە. وتەبێژی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیش ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردەوە و وتی: ''کات و جۆری هێرش بۆ سەر ئیسرائیل لەلایەن تارانەوە دیاری دەکرێت.''
هەروەها محەممەدڕەزا نەقدی جێگری هاواهەنگییەکانی سپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژانی داهاتوودا گورز و شکستی قورستر لە ئیسرائیل دەدات.
ئەم هەڕەشانە لە کاردانەوەی بە هێرشی ٢٦ی ئۆکتۆبری ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی ڕایگەیاند کە لە سێ بڕگەدا سێ ناوەندی پەدافەندی ئاسمانیی سپای پاسداران لە تاران، ئیلام و خووزستانی کردووەتە ئامانج.
هەروەها ''ئاسۆشەیتێدپرێس'' بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ماهوارەیی، مەودا و قووڵایی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلی ئاشکرا کرد، بەتایبەتی بۆ سەر بنکەی شاهروود کە شوێنی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیکی سپای پاسدارانە.
هاوکات لەگەڵ ئەو هەڕەشانە شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژەدان بە چڕبوونەوەی گرژی و تێکهەڵچوونەکان لەنێوان ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە مەترسیی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هۆشداریی دا.