کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم وێنەی سەر کێلی ئارمیتا گەراوەندیان گۆڕیوە

11:34 - 9 خەزەڵوەر 2724

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم وێنەی سەر کێلی گۆڕی ئارمیتا گەراوەندیان بەبێ ئاگاداربوونی بنەماڵەکەی گۆڕیوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هێزەکانی ڕێژیم وێنەیەکی ئارمیتایان کە لە ڕێگەی ژیری دەستکردەوە دروست کردووە لە جیاتی وێنەی سەر کێلەکەی داناوە.

لەم وێنەدا بە ژیری دەستکرد سەرپۆش بۆ ئارمیتا دانراوە.

هەنگاو زیادی کردووە، هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم لە ڕۆژی یەکشەممە ٦ی خەزەڵوەر کە ساڵوەگەڕی کوژرانی ئارمیتایە، تەنیا ڕێگەیان بە بنەماڵەکەی داوە کە بۆ ماوەی ١٥ خولەک بچنە سەر گۆڕەکەی و بە هەڕشە و گوشار هەوڵیان داوە کۆتایی بە ڕێوڕەسمەکە بێنن.

جێی ئاماژەیە کە هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم ساڵی ڕابردووش لە کاتی ئەسپەردەکردنی ئارمیتا، ڕێگەیان نەدابوو کە ئامادەبووان لە وێنەی بێ سەرپۆش بۆ ئەم مێرمنداڵە کوژراوە لە ڕێوڕەسمەکەدا کەڵک وەربگرن.

ئارمیتا گەراوەند، قوتابیی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شاری کرماشان و دانیشتووی تاران بوو کە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەر لە ڕێگەی چوون بۆ قوتابخانەکەی، لە مێترۆی تاران بەهۆی لێدانی مەئموورانی حیجاببانی ڕێژیمەوە لە هۆش خۆی چوو و پاش ٢٨ ڕۆژ گیانی لەدەست دا.