لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا، جێگری فەرماندەی هێزی ڕزوانی حیزبوڵڵای لوبنان کوژرا.
هێزی بەرگریی ئیسرائیل، بە بڵاوکردنەوەی نووسراوەیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس ڕایگەیاند: فڕۆکە شەڕکەرەکانی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل، لە ئۆپەراسیۆنێکدا مستەفا ئەحمەد شەحادی، جێگری فەرماندەی هێزی ڕزوانی حیزبوڵڵایان کوشتووە کە بەرپرسی بەرەوپێشبردنی گەڵاڵە تێرۆریستییەکان دژی ئیسرائیل بووە.
لە دوای هێرشە تێرۆرستییەکەی حەماسەوە لە ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢دا بۆ سەر ئیسرائیل، گرووپی حیزبوڵڵاش هێرشەکانی خۆی بۆ سەر ئیسرائیلی دەست پێ کرد.
ئیسرائیل لە کاردانەوە بەم هێرشانەدا، چەندین هێرشی گەورە و بەهێزی بۆ سەر بنکە و بارەگای ئەم گرووپە لە لوبنان و سووریە دەست پێ کرد و سەدان کەس لە ئەندامانی ئەم، گرووپە، ڕێبەر و فەرماندە باڵاکانی وەک حەسەن نەسروڵڵا، فواد شوکر، ئیبراهیم عەقیل و هاشم سەفیەدینی کوشت.
حیزبوڵڵای لوبنان تاکوو ئێستا لەلایەن وڵاتانی ئەمریکا، ئیسرائیل، ئاڵمان، سێربێستان، لیتوانی، لێتۆنی، ئێستۆنی و ئوسترالیاوە وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناسێندراوە.
ناساندنی حیزبوڵڵا وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بە مانای جیانەکردنەوەی هەر دوو لقی سیاسی و نیزامیی ئەم گرووپە و بەتێرۆریست ناساندنی هەر دوو لقەکەیەتی.
حیزبوڵلای لوبنان یەکێک لەو گرووپە تێرۆریستییانەیە کە لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە پاڵپشتی لێ دەکرێت.