هەواڵدەریی ئاسۆشەیتێدپرێس بە پشتبەستن بە وێنەی ماهوارەیی بڵاوی کردووەتەوە، ئیسرائیل لە هێرشی ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەردا بۆ سەر بنکەی سپای پاسداران لە شاهروودی سمنان، کە جێگەی بەرهەمهێنان و هاویشتنی هاژەکە بالستیکییەکان بووە، زیانی جیددی پێ گەیشتووە.
ئەو هەواڵدەرییە ڕۆژی سێشەممە، ٨ی خەزەڵوەر، نووسیویەتی؛ زیانە جیددییەکانی ئەو بنکە ئاسمانییەی سپای پاسداران، پرسیارگەلێکی زۆر بە شوێن خۆیدا دێنێتە ئاراوە، یەکێک لەوانە ئەوەیە بۆچی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بۆ ئەو دامەزراوە سەربازییە نەکردووە؟.
شایانی باسە ئەو بنکە سەربازییە سەر سپای پاسدارانە و ناوەندە ئەمنییەتی و سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران هەتاکوو ئێستا هیچ ئاماژەیەکیان بە زیان و لێکەوتەکانی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو بنکەیە، نەکردووە.
هەواڵدەریی ئاسۆشەیتێدپرێس، ئاماژەی بەوەش کردووە، بنکەی هاژەکیی شاهروود، یەکێک لە گرینگترین بنکە بەرهەمهێنەرەکانی مووشەکی بالستیکە و زیانگەیشتن بەو بنکەیە لە ئێستادا دەستپێڕاگەیشتنی سپای پاسداران بە هاژەک و کەرەستەی سەربازیی پێشکەوتوو بەدژی ئیسرائیل، زۆر سنووردار کردووە.
ئەوە لە کاتێکدایە ئەو هەواڵدەرییە دوو وێنەی ماهوارەیی دیکەی لە بنکە سەربازییەکانی ''پارچین'' و ''خەجیر''ی لە دەوروبەری تاران بڵاو کردووەتەوە کە ئیسرائیل ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەر هێرشی کردبووە سەری، نیشان دەدات کە ئەو دوو دامەزراوە بەرهەمهێنەرەی مووشەکی بالستیکی ڕێژیم لەنێو چووە و ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە بەرنامە هاژەکییەکانی ڕێژیم بەگشتی زیانی جیددییان پێ گەیشتووە.
لە دوای ئەوەی هەواڵدەریی ئاسۆشیتێدپێرێس ئەو وێنە ماهوارەییەی بڵاو کردووەتەوە، نووسینگەی نوێنەرایەتیی ڕێژیم لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ دژکردەوەیەکی نیشان نەداوە.
جیگای باسە لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژی شەممە، ٥ی خەزەڵوەردا، کاربەدەستانی ڕێژیم تەنیا ئاماژەیان بە چەند بنکە لە تاران، خووزستان و ئیلام کردبوو.