لەگەڵ ئەوەی کە بەرپرسانی ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجەی ڕێژیم باسیان لە دەرکردنی بڕیاری نوێ بۆ هاوسانکردنی مووچەی خانەنشینکراوان کردووە و ڕایانگەیاندووە کە بە شێوەی نێونجی، مووچەی خانەنشینکراوان ١.٥ بۆ ٢ میلیۆن تمەن بەرز کراوەتەوە، ژمارەیەک لە خانەنشینکراوان ڕایانگەیاندووە کە ڕێژەی بەرزکردنەوەی موچەکانیان کەمتر لە یەک میلیۆن تمەن بووە.
خانەنشینکراوێکی کۆمپانیای پۆست کە مووچەکەی خۆی ٨ میلیۆن تمەنە، ڕایگەیاندووە کە بەپێی ئەم بڕیارە تازەیە و دوابەدوای ئەو هەموو پڕوپاگەندە و وادە و بەڵێنییە، تەنیا ٤٣ هەزار تمەن بە مووچەکەی زیاد کراوە.
بە وتەی ئەم کەسە، ئەم ٤٣ هەزار تمەنە، بڕە پارەی کڕینی ٤ نانە.
بە وتەی خانەنشینکراوان، فرمووڵی هاوسانکردنی مووچە بە دروستی جێبەجێ نەکراوە و کێشەی هەبووە. ئەم بابەتەش ناڕەزایەتی بەربڵاوی بەدواوە بووە.
کەمبوونی مووچەی خانەنشینکراوان لەکاتێکدایە کە لەم ڕۆژانەدا، بە ڕێژەی ٢٠٠ لەسەد بوودجەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم لە دەوڵەتی پزشکیاندا بەرز بووەتەوە.
فاتمە موهاجێرانی وتەبێژی دەوڵەتی چواردەیەم، ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەزبەر لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە زیادکردنی ٢٠٠ لەسەدیی بوودجەی سەربازیی ڕێژیم بەمەبەستی بەهێزکردنی توانا بەرگرییەکانی کردووە.
بوودجەی سەربازی لە دەوڵەتەکانی کۆماری ئیسلامیدا تەنیا بریتییە لە بەشی ئاشکرا و فەرمیی ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ هێزە سەربازییەکان خەرج دەکرێت و بەشە نهێنییەکانی تێدا ناگونجێندرێت.