وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران بە بانگکردن و هەڕەشە لە هاووڵاتییانی کورد و ناردنی کورتەنامە بۆ هاوکاری لەگەڵ ناوەندە ئەمنییەتییەکان، ناڕەزایەتی و تووڕەیی زۆرێک لە هاووڵاتییانی لە پارێزگاکانی ورمێ و سنەی لێکەوتووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا، وەزارەتی ئیتلاعات بە بانگکردن و ناردنی کورتەنامە بۆ هاووڵاتییانی کورد داوای کردووە کە لەگەڵ ناوەندە ئەمنییەتییەکان هاوکاری بکەن.
هەروەها وەزارەتی ئیتلاعات لە یەک حەفتەی ڕابردوودا چەندین جار لە ڕێگەی تلفۆنەوە بانگی چالاکانی مەدەنیی کردووە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوەی لەگەڵدا کردوون و هەڕەشەی لێ کردوون کە مافی بڵاوکردنەوەی زانیارییان لەسەر بارودۆخی ژیانی خەڵک و هەڵاوسان لە فەزای مەجازی و بەتایبەتی سەبارەت بە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نییە.
بە وتەی سەرچاوەکان، هەموو ئەم بانگکردن و لێپرسینەوە بەبێ حوکمی دادوەری ئەنجام دراون و بەتەواوی نایاسایی بوون.