بەبۆنەی گەڕانەوەی پەلەوەرە کۆچەرییەکان لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانەوە، لە چالاکییەکی ژینگەییدا لێوارەکانی گۆلی زرێباریان بۆ پێنجەمین جار، پاک و خاوێن کردەوە.
ڕۆژی سێشەممە، ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بە هاوکاریی بەشی لەنگەرگەی بەلەمەوانیی زرێبار، بە مەبەستی خاوێن ڕاگرتنی ژینگەی گۆلی زرێبار و شوێنی مانەوەی باڵندە کۆچەرییەکان بۆ چەندەمین جار لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا چالاکییەکی ژینگەپارێزییان بەڕێوە برد.
جێگای باسە ئەندامانی سەوزی چیا پێش بارینی باران و هاتنی وەرزی زستان ئەو چالاکییەیان بەڕێوە بردووە و کەنارەکانی گۆلی زرێباریان لە زبڵ و خاشاک خاوێن کردووەتەوە.
"ئەنجومەنی سەوزی چیا" لەوبارەوە ڕایگەیاندووە: ''لەپێناو هەست بە بەرپرسایەتی لەهەمبەر ژینگە و بەتایبەت پێویستیی پاراستنی پەنگاوی زرێبار و سەرکۆنەی ڕاوی پەلەوەر و، گرنگی پەلەوەرە کۆچەرییەکان بۆ زرێبار و دانیشتووانی دەوروبەری ئەم پەنگاوە کە دەورێکی تایبەتی بۆ گەشەی ئابووری ناوچە و ڕاکێشانی گەشتیار هەیە، هەستاوە بە جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە گرنگە''.
شایانی باسە ئەنجومەنی سەوزی چیا هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا بە بەڕێوەبردنی دوو بەرنامە؛ یەکەم خاوێنکردنەوەی دەوروبەری زرێبار و دووهەم خاوێنکردنەوەی ژینگەی پەلەوەرە کۆچەرییەکان، ئەرکی ژینگەپارێزیی خۆی بەڕێوە دەبات و پێشوازی لەو کۆچەریانە دەکات.
جێی ئاماژەیە بەرنامەی یەکەمی خاوێنکردنەوەی دەورووبەری زرێبار، لە ڕۆژی ٢٧ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی لە ڕوژاوای زرێبار بەڕێوە چوو.