هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل، بەرپرسی کۆمیتەی بەڕێوبەریی ئەنجومەنی سەندیکای نووسینگەکانی گەشتە ئاسمانییەکان لە تاران، باسی لە هەڵوەشاندنەوەی یەک لە دوای یەکی گەشتە ئاسمانییە دەرەکییەکان کردووە.
ئەمیرپوویان ڕەفیعی ڕۆژی چوارشەممە ٩ی خەزەڵوەر ڕایگەیاندووە کە بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکان، ڕەتکردنەوەی داخوازییەکانی ڤیزای گەشتیاری خەڵکی ئێران لەلایەن باڵوێزخانەکانی وڵاتانی ئورووپاییەوە زیادی کردووە و گەشتە دەرەکییەکان بە ئامانجی هاتن بۆ ئێران، یەک لە دوای یەک هەڵدەوەشێتەوە.
ناوبراو زیادی کردووە گەشتەکانی هاتن بۆ ئێران لە سفر نزیک بووەتەوە و بەم هۆیەوە زۆربەی ئەنجومەنە گەشتیارییەکان مایەپووچ بوونە یان لە بەرەبەری مایەپووچبووندان.
ڕەفیعی لە بەشێکی دیکەدا ئاماژەی بەوە داوە کە دۆخەکە لە ئێستادا قەیراناوییە و ئاژانسە گەشتیارییەکانی تووشی کێشە کردووە، چونکە هێڵە ئاسمانییەکان و هۆتێلەکان ئامادە بە گەڕاندنەوەی تێچووی گەشتیاران پاش هەڵوەشاندنەوەی فڕینەکان نین.
ناوبراو لە پێوەندی لەگەڵ گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا بۆ سەر ئەیرلاینە ئێرانییەکان لە ماوەی ڕابردوودا وتی: "لە ئێستادا ئەیرلاینەکانی ئێمارات و تورکیە گەشتە کەم نرخەکانیان بۆ گەشتیارانی ئێران داخستووە و ناچارین کە کۆمپانیایەکی دەرەکی بۆ گەشتە ئاسمانییەکان بکەینە هاوبەش".
گەشتە ئاسمانییەکان بەهۆی هەڕەشەکانی ئیسرائیل و هەروەها هێرشی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئێران ڕاگیرا و سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ لە وڵامی ئیسرائیل، کۆمپانییەکانی وەک لوفت هانزا، ئێمارات، قەتەر و تورکیە گەشتەکانیان بەمەبەستی ئێران ڕاگرتووە و هێشتا دۆخەکەیان ئاسایی نەکردووەتەوە.
لە ڕۆژانی ڕابردوو و پاش ئەنجامی هێرشەکەی ئیسرائیل، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی یەک لە دوای یەک هەڕەشەی وڵامدانەوەی توندیان، لە ئیسرائیل کردووە.