کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: کارێک دەکەین کە بەم زووانە نەعیم قاسم تووشی چارەنووسی حەسەن نەسروڵڵا بێت

11:31 - 10 خەزەڵوەر 2724

ییسرائیل کاتز وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی خەزەڵوەر، بە بڵاوکردنەوەی وتارێکی کورت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس کاردانەوەی بەرامبەر بە لێدوانەکانی ڕێبەری نوێی حیزبوڵڵا دەربڕی.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بە بەڵێنی نەعیم قاسم سکرتێری گشتیی تازە دەستنیشانکراوی حیزبوڵڵای لوبنان سەبارەت بە درێژەدانی ڕێگەی نەسروڵڵا، نووسیویەتی: ''دڵنیا دەبینەوە لەوەیکە بەم زووانە ڕێگەی نەسروڵڵا درێژە پێ دەدات.''

پەیامەکەی کاتز ئاماژە بە کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەری پێشووی حیزبوڵڵا، لە هێرشێکی ئیسرائیل دەکات.

نەعیم قاسم سکرتێری تازە دەستبەکاربووی حیزبوڵڵای لوبنان لە یەکەم وتاریدا وەک ڕێبەری نوێی گرووپەکە ڕایگەیاند کە درێژە بە ڕێگەی حەسەن نەسروڵڵا دەدات.

ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٩ی خەزەڵوەر لە قسەکانیدا ئیدعای ئەوەی کرد کە ئەم گرووپە چەکدارە شەڕی لوبنان دەکات و بە ناوی کەس و بە پلانی هیچ کەسێکەوە شەڕ ناکات.

نەعیم قاسم باسی لەوەش کرد کە کۆماری ئیسلامی بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک تەنیا لایەنگری لە بەرنامەی حیزبوڵڵای لوبنان دەکات و هیچ داواکارییەکی لەم گرووپە نییە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە حیزبوڵڵای لوبنان وەکوو باسکی سەرەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا، لە دەیان ساڵی ڕابردوودا پشتیوانیی دارایی و چەکوچۆڵی بەرفراوانی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە وەرگرتووە.

نەعیم قاسم نووسەری چەندین کتێب لەسەر خومەینی و عەلی خامنەییە و دەوترێت لەگەڵ عەباس عێراقچی چووەتە تاران و لەوێ جێگیر بووە.

ڕۆژی سێشەممە، یۆئاڤ گاڵانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیل کاردانەوەی بەرامبەر بە دانانی نەعیم قاسم وەک سکرتێری نوێی حیزبوڵڵا ، لە لاپەڕەی ئیکسی خۆیدا بە دانانی وێنەی نەعیم قاسم نووسیویەتی: ماوەی کارکردنی جێنشینی نەسروڵڵاش کاتییە و درێژ نابێت.''