کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی کانادا لەمەڕ هەڕەشە سایبێرییەکانی ڕێژیمی ئێران

12:07 - 10 خەزەڵوەر 2724

وڵاتی کانادا بە بڵاوکردنەوەی هەڵسەنگاندنێکی نوێ، هاوتەریب لەگەڵ وڵاتانی چین و ڕووسیە، وەکوو هەڕەشەیەکی سایبێریی سەرەکی بۆ سەر تەناهیی نەتەوەیی خۆی، چاو لە کۆماری ئیسلامی دەکات.

دەوڵەتی کانادا، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی خەزەڵوەر، بڵاوی کردووەتەوە: ''بەپێی هەڵسەنگاندنی نوێی وڵاتەکەمان بەنیسبەت مەترسییە سایبێرییەکانەوە، هاوتەریب لەگەڵ چین و ڕووسیە، کۆماری ئیسلامیی ئیرانیش هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر تەناهیی نەتەوەیی ئێمە و هاوپەیمانەکانمان".

هەروەها دەوڵەتی کانادا لەو بارەوە ئاگاداری داوە، کارتێکەرییە دیجیتاڵییەکانی ڕێژیمی ئیسلامی لە سنووری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر تێپەڕیوە و ئێستا وڵاتانی ڕۆژاوایشی گرتووەتەوە.

بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنەی دەوڵەتی کانادا، هەوڵە یەک لە دوای یەکەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ شوێنهەڵگرتن و چاوەدێری بە سەر دژبەرانی ئەو ڕێژیمە لە ڕێگەی تۆڕی سایبێرییەوە، لە بواری ئەمنییەتی سایبێریی کانادا و هاوپەیمانەکانییەوە کێشمەکێشی زیاتری دروست کردووە.

جێگای ئاماژەیە لە چەند حەوتووی ڕابردوودا ناوەندی لێکدانەوەی هەڕەشەکانی مایکرۆسافت، لە لێکۆڵینەوەیەکی پەیوەندیدار لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاندبوو، کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ شوێندانەری لەسەر ئەو هەڵبژاردنە، ئەیهەوێت لە ڕێگەی کارتێکردنی سایبێرییەوە، دەستێوەردان بکات.     

شایانی باسە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بواری شەڕی سایبێرییەوە لە جیهاندا، ڕۆڵێکی سەرەکیی نەرێنی گێڕاوە و هێرشێکی زیاتر و مەترسیدارتری کردووەتە سەر نەیارانی لە ناوچەکە و جیهاندا و لەو ماوەیەدا تواناییە سایبێرییەکانی خۆی پەرە پێ داوە و پێشکەوتنی بەرچاوی بووە لەو بوارەدا.