دەوڵەتی پزشکییان بەمەبەستی داهاتی ٥٠٠ میلیارد یۆرۆیی بۆ بوودجەی ساڵی داهاتوو، هاوردەکردنی مۆبایلی ئایفۆنی بە باجی ٩٦ لەسەدی، ئازاد کرد.
وەزیری "ئێرتباتات و فەناوەریی ئیتلاعات"ی دەوڵەتی چواردەیەم باسی لە ئازادکرانی مۆبایلەکانی جۆری ئایفۆنی ١٤ بۆ سەرەوەی لە ئێران کردووە و بە وتەی خۆی ئەم هەوڵە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک لەلایەن دەوڵەتی یەکگرتووەوە ئەنجام دراوە.
ئەم قسانەی سەتار هاشمی لەکاتێکدایە کە دەوڵەتەکانی کۆماری ئیسلامی هەموو کات بەمەبەستی دابینکردنی بەشێک لە بوودجەی ساڵانەی خۆیان، باجی قورسیان خستووەتە سەر مۆبایلە هاوردەکان، بەتایبەتی مۆبایلەکانی جۆری ئایفۆن.
کۆماری ئیسلامی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی لە ژێر ناوی پێشگرتن بە قاچاخی مۆبایل، گەڵاڵەی ڕێجیستریکردنی مۆبایلە هاوردەکانی دەست پێ کرد و ساڵانە داهاتی چەند هەزار میلیاردیی لەم ڕێگەوە بە دەست هێناوە.
هەر لەم پێوەندییەدا ساڵی ١٤٠١ هاوردەکردنی مۆبایلەکانی جۆری ئایفۆنی ١٤ بۆ سەرەوەی بە هەموو شێوەیەکی بازرگانی و موسافری قەدەغە کرد و هەموو مۆبایلەکانی ئایفۆنی ١٤ و ١٥ی لە بازاڕەکان کۆ کردەوە.
لە ئێستادا دەوڵەتی مەسعوود پزشکییان لە هەوڵدایە تا داهاتێکی زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو لەم ڕێگەوە لە گیرفانی خەڵکی ئێران بە دەست بێنێت و هەر بەم بۆنەشەوە هاوردەکردنی هەموو جۆرەکانی ئایفۆنی کە نرخیان زیاتر لە ٦٠٠ دۆلارە ئازاد کردووە.
دەوڵەتی چواردەیەم دەیهەوێت کە داهاتێکی ٢٥ هەزار میلیارد تمەنی لە هاوردەکردنی مۆبایل بۆ گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی ١٤٠٤ وەدی بێنێت.
بەم پێیە هەر کەس خوازیاری کڕینی مۆدێلە نوێیەکانی مۆبایلی ئایفۆن لە ئێران بێت، جیا لە نرخی خودی مۆبایلەکە دەبیت هاوتای نرخی مۆبایلەکەش، باج بە کۆماری ئیسلامی بدات.