فەرماندەیی ناوندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕۆژی چوارشەممە ٩ی خەزەڵوەر، ڕایگەیاند کە هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەم حەفتەیەدا هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک بنکەی داعش لە سووریە و لە ئەنجامدا لانیکەم ٣٥ چەکداری ئەم گرووپە کوژراون.
بەپێی زانیارییەکانی سێنتکام، لە یەکێک لەو هێرشانەدا، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، چەند شوێنێک و چەند فەرماندەیەکی باڵای داعش لە بیابانەکانی ناوەڕاستی سووریە کراونەتە ئامانج.
سێنتکام هەروەها ڕایگەیاند کە هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر بنکەکانی داعش لە سووریە، توانای ئەو گرووپە تیرۆریستییە بۆ پلاندانان و ڕێکخستن و ئەنجامدانی هێرشەکان دژی خەڵکی مەدەنی و هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە تێک دەدات.
پێشتریش لە کۆتایی مانگی خەرماناندا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە چوار سەرکردەی داعش بە ناوەکانی ئەحمەد حەمید حوسێنم عەبدولجەلیل ئەلئیتاوی، ئەبو هەمام، ئەبو عەلی تونسی و شاکر عەبد ئەحمەد ئەلعیساوی لە عەمەلیاتی عێراقدا کوژراون.
بەرپرسانی پنتاگۆن لەسەر ئەو باوەڕەن داعش هێشتا لە ناوچەکەدا هەڕەشەیە، بەڵام ئەو گرووپە ئیتر وەک ١٠ ساڵ لەمەوبەر کاتێک بەشێکی زۆری عێراق و سووریەی کۆنترۆڵ کردبوو، هێز و توانای نەماوە.