
دەوڵەتی ئەمریکا ٣٩٨ شیرکەتی لە ڕووسیە، هیند، چین و زیاتر لە ١٠ وڵاتی دیکە بە تۆمەتی دابینکردنی کەلوپەل و خزمەتگوزاری بۆ هەوڵە جەنگییەکانی ڕووسیە دژی ئۆکراین خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.
وەزارەتی خەزێنەداری و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی چوارشەممە ٩ی خەزەڵوەر ڕایانگەیاند کە ئامانجی ئەم گەمارۆیانە، وڵاتانی سێهەمن کە کەرەستە و خزمەتگوزارییەکانیان بۆ مەبەستی سەربازی بە ڕووسیە دەفرۆشن یان یارمەتی مۆسکۆ دەدەن کە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان دەور لێداتەوە.
٢٧٤ دانە لەو شیرکەت و دامەزراوانەی کە لە لیستی گەمارۆکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکادا خراونەتەڕوو، شیرکەتە بیانییەکانن کە بە فرۆشتنی تێکنۆلۆژی پێشکەوتوو بە ڕووسیە یان شیرکەتە ڕووسیەکان تۆمەتبارن. بە وتەی ئەم وەزارەتەخانەیە، ئەو شیرکەتانە دەستیان لە بەرهەمهێنانی کەرەستەی سەربازی و چەک بۆ درێژەدان بە هێرشەکان بۆ سەر ئۆکراین هەیە.
والی ئادیمۆ، جێگری وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا وتی: ''واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی لە گرتنەبەری هەنگاوی یەکلاکەرەوە و بەردەوام بۆ کەمکردنەوەی توانای ڕووسیە بۆ تەیارکردنی کەرەستەی شەڕ و دەربازبوون لە گەمارۆکان بەردەوام دەبێت.''
واشنتۆن لە سەرەتای هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین هەتا ئێستا هەزاران گەمارۆی بەسەر ڕووسیە یان هاوپەیمانەکانی یەک لەوانە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆمەتی ناردنی دڕۆن بۆ ئەو وڵاتە سەپاندووە.