کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا لە ئیسرائیل و حیزبوڵڵا داوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست دەکا

11:23 - 10 رەزبەر 2724

لەگەڵ بەردەوامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، بریتانیا ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕەزبەر ڕایگەیاند کە پێویستە هەموو لایەنەکان هەوڵی کەمکردنەوەی گرژی و وەستاندنی هێرشەکان بدەن و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ناوچەکە لە لێواری شەڕێکی سەرتاسەری دوور بکەینەوە.

 هەروەها ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتێرز لە زاری وتەبێژی سەرۆکوەزیرانی بریتانیاوە بڵاوی کردەوە: کە ئێمە لە پاڵپشتیکردن مافی بەرگریکردنی ئیسرائیل لە خۆی لە بەرانبەر هێرشەکان بەردەوامین. بەڵام پەیامی ڕوونمان ئەوەیە کە هەموو لایەنەکان دەبێ دان بە خۆیاندا بگرن.

وتەبێژی سەرۆکوەزیرانی بریتانیا ڕایگەیاند: دەبێت پێش بە تەشەنەسەندن و زۆرتربوونی گرژییەکان بگیردرێت و ئاگربەست کەشی پێویست بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا دەڕەخسێنێت.

ئیسرائیل لە دوو حەفتەی ڕابردوودا لە شەپۆلێکی هێرشەکانیدا لوبنانی کردووەتە ئامانج کە حەسەن نەسروڵڵا سەرۆکی حیزبوڵڵا و چەند فەرماندەی باڵای لوبنانی کوژران.

لەو هێرشانەدا نزیکەی هەزار هاووڵاتیی لوبنانی کوژران و زیاتر لە یەک میلیۆن کەسیش ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێ بهێڵن. هەروەها حیزبوڵڵای لوبنان بەڵێنی داوە بەرپەرچی هەر لەشکرکێشییەکی زەمینیی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بداتەوە.