دەرگیرییەکانی نێوان ئەرتەشی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، ڕۆژی هەینی ١٣ی ڕەزبەر لە حاڵێکدا درێژەی هەبوو کە بەشێک لە سەرچاوە لوبنانییەکان ڕایانگەیاند کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٥٣هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی حیزبوڵڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام دراوە.
هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕۆژی هەینی نزیکەی ١٨٠ ڕاکێت لە لوبنانەوە بەرەو باکووری ئیسرائیل هاویشتراون، بەڵام هیچ زیانێکیان نەبووە.
ئەرتەشی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بە درێژەی عەمەلیاتە زەمینیەکانی ئەم وڵاتە دژی حیزبوڵڵا ڕایگەیاند کە لە سەرەتای ئەم عەمەلیاتە لە لوبنان، نزیکەی ٢٥٠ میلیشای حیزبوڵڵا کە ژمارەیەکیان فەرماندە بوون، کوژراون.
ئەم ڕووداوانە لە کاتێکدا ڕوو دەدەن کە وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ئێوارەی ڕۆژی هەینی داوای لە دانیشتووانی گەڕەکەکانی باشووری بەیرووت کرد کە لانیکەم ٥٠٠ میتر لەم شوێنە دوور بکەونەوە، چونکە دامەزراوە و بەرژەوەندییەکانی حیزبوڵڵا لەو شوینە هەڵکەوتوون و بەم نزیکانە ئیسرائیل هێرشی دەکاتە سەر.
لە ناوەڕاستی ئەو شەڕ و گرژییانەدا کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بووەتە هۆی هەڵاتنی نزیکەی ٢٣٥ هەزار کەس بۆ سووریە و دوو لەسەر سێی ئەو کەسانەش پەنابەری سووریین کە پێشتر بۆ ڕزگاربوونیان لە نائەمنی و شەڕی نێوخۆی سوورییەوە پەنایان بۆ لوبنان بردبوو.
هەروەها وەزارەتی نێوخۆی عێراق لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لە ٢٤ی سێپتامبەرەوە تا ئێستا زیاتر لە ٥ هەزار پەنابەری لوبنانی هاتوونەتە نێو ئەم وڵاتە.
کاربەدەستانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند عەمەلیاتەکان دژی حیزبوڵڵا هەتا ئەو کاتە درێژەی دەبێت کە دڵنیا بن لەوەیکە هەزاران ئیسرائیلیی ئاوارە لە باکوری ئیسرائیل و سنووری لوبنان بتوانن بە سەلامەتی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.