ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سینتکام) ڕایگەیاند کە ڕۆژی هەینی ١٣ی ڕەزبەر، هێزەکانی سینتکام هێرشیان کردووەتە سەر ١٥ ئامانج لەوانە توانا سەربازییەکانی حوسییەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەم گرووپە کە لەلایەن ڕێژێمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن.
سێنتکام وردەکارییەکانی ئەم ئامانجانەی نەخستە ڕوو، بەڵام دانیشتووانی ناوچەکە بە ئاژانسی ڕۆیتێرزیان ڕاگەیاندووە کە شایەتحاڵی تەقینەوەکان لە بنکە سەربازییەکان و فڕۆکەخانەیەک کە لەلایەن حوسییەکانەوە کۆنترۆڵ کراوە، بوونە.
هەروەها تلویزیۆنی ئەلمەسیرە کە لەلایەن حوسییەکانەوە بەڕێوەی دەچێت، ڕایگەیاند کە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا ناوچەکانی شاری سەنعای پێتەختی یەمەن، فڕۆکەخانەی حەدەیدە، شاری زەمار لە باشوور، باشووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای ئەلبیزا و چەندین بنکەی سەربازی حوسییەکان لەم پارێزگایەی گرتووەتە.
ستادی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا هێرشەکانی لە ڕاستای پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی و دابینکردنی ئەمنییەتی ئاوە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەشتییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و بازرگانی وەسف کردووە.
هێرشەکانی ڕۆژی هەینیی ئەمریکا بۆ سەر حوسییەکان لە کاتێکدا ڕووی دا کە ئەمریکا بە شێوەیەکی سەرەکی لە بەرامبەر هێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر بە شێوەی بەرگری، هەڵسوکەوتی کردووە هەتا ڕێگری لە هێرشە دڕۆنی و مووشەکییەکانی ئەو گرووپە دژی کەشتییە بازرگانی و کەشتییەکانی ئەمریکا بکات.
لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردووەوە حوسییەکان بە بیانووی پشتیوانی لە فەلستینییەکان لە غەززە، نزیکەی ١٠٠ هێرشیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان ئەنجام داوە کە بە دەریای سوور و کەنداوی عەدەندا تێدەپەڕن.