ڕۆژی هەینی ١٣ی ڕەزبەر، کەناڵی هەواڵی سی ئێن ئێن لە زاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە ڕایگەیاند کە ئیسرائیل هیچ گەرەنتی و دڵنیایییەکی بە حکوومەتی بایدن نەداوە کە دامەزراوە ناوکییەکان لە ئێران نەکاتە ئامانج.
ئەم بەرپرسەی حکوومەتی ئەمریکا ئەگەری وڵامدانەوەی ئیسرائیل بە هێرشە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئیسلامی لە ساڵڕۆژی ڕووداوی ٧ی ئۆکتۆبری ڕەت نەکردەوە و زیادی کرد کە سەرەڕای هەموو ئەگەرەکان، من پێشبینی دەکەم کە ئیسرائیل وڵامی هێرشە مووشەکییەکانی ئەم دواییەی ڕێژیمی ئیسلامی بەر لە ٧ی ئۆکتۆبەر یان دوای ٧ی ئۆکتۆبەر بداتەوە.
هەروەها لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە دا کە ئەمریکا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا هەوڵی ڕێگریکردن لە شەڕێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات، بەڵام ئێستا ئەگەری شکستی ئەو هەوڵانە و دەستپێکردنی شەڕێکی سەرتاسەری هەیە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرپرسانی ئەمریکا چەندین جار پشتیوانیان لە وڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشە مووشەکییەکەی ڕێژیمی ئیسلامی کردووە، بەڵام جەختیشیان لەوە کردووەتەوە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابێ بچێتە ناو شەڕێکی تەواوەوە.
هەروەها جۆ بایدێن، لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئیسرائیل هێشتا بڕیاری لەسەر وڵامدانەوەی هێرشە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی نەداوە و ئەم بابەتە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
هەروەها وتی کە ئەگەر من لە جێگای ئیسرائیل بام، بیرم لە بژاردەی دیکە جگە لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران دەکردەوە.
لە لایەکی دیکەوە ئیهود باراک سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە پێدەچێت ئیسرائیل بە هێرشێکی ئاسمانیی بەرفراوان "دامەزراوە نەوتییەکانی" ئێران بکاتە ئامانج و هەروەها دامەزراوەکانی پێوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمیی ڕێژیمی ئێرانیش تووشی هێرش دەبن.
هەروەها ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕەزبەر ڕێژیمی ئێران لە کاردانەوە بە هەموو چالاکییەکانی ئیسرائیل لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو و کوژرانی فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران و هێزە نیابەتییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بە ١٨٠ مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل . بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە ٩٠لەسەدی ئەو مووشەکانە پێش ئەوەی بەر ئیسرائیل بکەون لەناوچوون و ١٠لەسەدی دیکەش هیچ زیانێکی بەرچاوی گیانیی نەبووە.
بەڵام ئیسرائیل لە کاتی هێرشدا دەستبەجێ جەختی لەوە کردەوە کە بە توندی وڵامی ئەم هێرشانە دەداتەوە.