ڕۆژی هەینی ١٣ی ڕەزبەر، پارلەمانی لیتوانی بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک، سپای پاسادارنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساندووە.
ڕادیۆ و تلویزیۆنی نەتەوەیی لیتوانی ئەم هەوڵەی بە مەبەستی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ چالاکییەکانی سپای پاسداران و دزەکردنی ئەم ناوەندەی ڕێژیم لە ئەمنییەتیی نێونەتەوەیی و سەقامگیریی جیهان ناو بردووە.
ئێمانۆئێلس زینگریس، بەرپرسی کۆمیتەی پێوەندییە دەرەکییەکانی پارلەمانی لیتوانی، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاندووە: ئێمە یەکەمین پارلەمانی ئورووپایین کە بەفەرمی سپای پاسداران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی دەناسێنین.
هاوکات لەگەڵ ئەمە، هەواڵدەریی بلۆمبێرگیش لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە باسی لە هەوڵەکانی یەکیەتیی ئورووپا بۆ گەمارۆی نوێ دژی کۆماری ئیسلامی بە هۆی ڕادەستکردنی مووشەکی بالستیک بە ڕووسیە کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی بلۆمبێرگ، یەکیەتیی ئورووپا دەیەوێ لە دانیشتنی مانگی داهاتووی ڕێبەرانی ئورووپادا لە برووکسێل، گەمارۆی نوێ بەسەر دەیان کەس و ناوەند لەوانە کۆمپانیای ئەندازیاری، کانزا و هەوانەوەردیی پێوەندیدار بە کۆماری ئیسلامیدا بسەپێنێ.
کۆماری ئیسلامی تاکوو ئێستا سەدان پەهپاد و چەکی دیکەی لە درێژەی شەڕی ڕووسیە و ئۆکرایندا، ڕادەستی مۆسکۆ کردووە بەڵام ڕادەستکردنی مووشەکی بالستیک، نیشاندەری دەستێوەردانی زیاتری ڕێژیم لەم شەڕەیە.