عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم لە وتاری نوێژی هەینی خۆیدا هێرش بۆ سەر ئیسرائیلی بە یاسایی و ڕێگەپێدراو لە قەڵەم دا و هەڕەشەی کرد کە ئەگەر پێویست بێت ئەم هێرشانە دووپات دەبنەوە.
ڕۆژی ڕابردوو ١٣ی ڕەزبەر عەلی خامنەیی پاش نزیک بە ٥ ساڵ بۆ جارێکی دیکە پێشنوێژیی نوێژی هەینیی تارانی کرد.
ڕێبەری ڕێژیم لە قسەکانیدا بە یاسایی لەقەڵەمدانی هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل و هەروەها بە بەڕەوازانینی هێرشی تێرۆریستیی ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردووی چەکدارانی حەماس بۆ سەر خەڵکی مەدەنیی ئیسرائیل واتا "تووفانی ئەقسا"، ڕایگەیاند کە هەموو ئەم هێرشانە بۆ سەر خاکی ئیسرائیل ڕەوا، یاسایی، نێونەتەوەیی و ڕێگەپێدراوە و هەروەها یارمەتیدانیشیان یاسایی و ڕەوایە.
چەکدارانی حەماس ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو هێرشیان کردە سەر چەند ناوچە لە خاکی ئیسرائیل و ١٢٠٠ کەسیان کوشت کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون و نزیک بە ٢٥٠ کەسیشیان بە بارمتە گرت.
خامنەی لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا هێرشە مووشەکییەکەی سپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیلی بە گرینگ زانیوە و جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەگەر لە داهاتوودا بە پێویستی بزانن ئەم جۆرە هێرشانە بۆ جارێکی دیکە ئەنجام ئەدەنەوە.
ڕێبەری ڕێژیم بە ناوبردنی میلیشیاکانی کۆماری ئیسلامی لەژێر ناوی خەڵکی لوبنان و فەلەستین زیادی کرد، هیچکەس بۆی نییە سەبارەت بە بەرگریکردنی خەڵکی فەلەستین و لوبنان ناڕەزایەتی دەرببڕێت چونکە ئەوان خۆڕاگری دەکەن و ئەوانەش کە پشتیوانییان لێ دەکەن، ئەرکی خۆیان بەجێ دێنن.
کۆماری ئیسلامی پشتیوانیی ماڵی و سەربازی لە چەکدارانی حەماس، حیزبوڵڵا، حوسییەکانی یەمەن و هەروەها میلیشیاکانی دیکەی سەر بە سپای پاسداران لە عێراق و سووریە دەکات.
ئەم گرووپانە لەلایەن ئەمریکا و زۆربەی وڵاتانی دیکەی جیهانەوە وەک گرووپگەلێکی تێرۆریستی پێناسە دەکرێن.