بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤ لە سووریە، شەوی ڕابردوو ماشین و بینایەک لە نزیکی باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی لە دەمیشق لەلایەن ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج و پێشکەشکارێکی تلویزیۆنی دەوڵەتیی سووریە کوژراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لەم هێرشەدا ٣ کەس کوژراون کە یەکێک لەوانە سەفا ئەحمەد پێشکەشکاری تێلێویزیۆنی دەوڵەتیی سووریە بووە و هەروەها ٩ کەسی دیکەش بریندار بوونە.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوە بەرەبەیانی یەکشەممە دڕۆنێکی ئیسرائیلی هێرشی کردووەتە سەر ڤیلای تایبەتیی ماهێر ئەسەد فەرماندەی لەشکەری چوارەمی سووریە و برای بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری سووریە بەڵام ناوبراو لەو کاتەدا لە ڤیلاکەیدا نەبووە.
ئیسرائیل هەڕەشەی لە ناوبراو کردووە کە ئەگەر چیتر چەکوچۆڵ بگەیەنێتە دەستی حیزبوڵڵا، دەکرێتە ئامانج.
هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشە و دەسپێکی هێرشی زەمینیی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی لوبنان، سەرچاوە عەرەبییەکان باسیان لە بوردومانکردنی کۆگای مووشەکەکانی حیزبوڵڵا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەیرووت کردووە.
بەپێی ئەم هەواڵانە و ڕاگەیەندراوی ئەرتەشی ئیسرائیل، کۆگایەکی مووشەکیی حیزبوڵڵا لە مەودای ١ کیلومیتریی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەیرووت کرایە ئامانج و لەنێو برا.
لە هێرشێکی دیکەی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەم وڵاتە ٣ گەڕەکی "لەیلەکی"، "بورجولبراجنە" و "حەرەحەریک"یان لە ناوچەی زاحییەی بەیرووت کردووەتە ئامانج.
تەنیا چەند خولەک پێش ئەنجامی ئەم هێرشانە ئەرتەشی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، داوای لە نیشتەجێیانی ئەم سێ گەڕەکە کردبوو کە تا مەودای ٥٠٠ میتر لەو شوێنانە کە دەکرێنە ئامانج دوور بکەونەوە تاکوو هێرشەکان خەڵکی مەدەنی نەکەنە قوربانی.