بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆسەر ناوچەکانی باشووری بەیرووت بەردەوام بوو و هەواڵدەرییەکانیش بیستنی دەنگی چەند تەقینەوەیەکیان لە بەیرووت بڵاو کردەوە.
ئەرتەشی ئیسرائیل سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٥ی ڕەزبەر ڕایگەیاند کە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر گەڕەکەکانی باشووری بەیرووت، ناسراو بە زاحیە ئەنجام دەدات.
بەپێی میدیاکانی لوبنان، ئەرتەشی ئیسرائیل ئێوارەی ڕۆژی شەممە و بەرەبەیانیی یەکشەممە بە زیاتر لە ٣٠ هێرشی ئاسمانیی قورس، باشووری بەیرووتی کردە ئامانج، ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە لەم هێرشانەدا کۆگاکانی تەقەمەنی و ژێرخانی حیزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج.
کەناڵی ١٢ی تلوزیۆنی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، ئەگەری ئەوە هەیە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی لقی قودسی سپای پاسداران لە هێرشەکەی ئیسرائیل بریندار بووبێت.
شەوی شەممە چەند تەقینەوەیەکی گەورە لە بەیرووت ڕوویان دا و بڵێسەی ئاگرەکە لە ناوچەکانی باشووری پێیتەختی لوبنان بڵاو بووەوە. ئەرتەشی ئیسرائیل پێشتر داوای لە دانیشتووانی ئەم ناوچەیە کردبوو کە ئەو شوینە چۆڵ بکەن.
بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئەم وڵاتە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێکی زۆری چەکەکانی حیزبوڵڵایان لەناو بردووە و شەڕەکەی بە زیانی ئەم گرووپە کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانی دەکات، گۆڕیوە.
هەروەها دانیێل هاگاری، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی عەمەلیاتە زەمینیەکان بۆ سەر لوبنان، نزیکەی ٤٤٠ ئەندامی حیزبوڵڵا کە ٣٠ فەرماندەی ئەم گرووپەیان تێدایە، کوژراون.
ناوبراو وتی هێزەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل تا ئێستا ٢هەزار پێگەی حیزبوڵڵای لوبنانیان لەناو بردووە.
وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکەی ڕیژیمی ئێران بۆ سەر ئەم وڵاتە وتی کە لە "کاتی گونجاودا" تۆڵەی لێ دەکرێتەوە.